پەیامی سەرەخۆشی سەرانی وڵاتان و کەسایەتییە ناوچەییەکان پاش شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا رەئیسی
ئایەتوڵڵا رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران کە دوێنێ یەکشەممە لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەری هەڵگری لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات هاوڕێ لەگەڵ هەشت کەس لە شاندی یاوەری ، شەهید بوو لەناوخۆی ئێراندا لەبەر هەوڵ و هەنگاوە بەرفراوانەکانی لە جێبەجێکردن و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان و چارەسەریی گیروگرفتەکان، کەسایەتییەکی خۆشەویست بوو لای خەڵکی ئێران.
لە دەرەوەی وڵات و لە ئاستی ناوچەشدا، لەبەر هاوپشتییە ئاشکراکانی لە ستەملێکراوان و مەزلومان و مکوڕبوون لەسەر بەهێزکرانی هاوهەڵوێستی و هاریکارییە ناوچەییەکان، یەکجار خۆشەویست بوو. شەهادەتی ناوبراو، شەپۆلێک لە خەم و ماتەمینی لەناوخۆی وڵات و ناوچەدا بەدیهێناوە. سەرانی وڵاتانی ناوچە لە پەیامی جیاجیادا، خەم وپەژارە و پەرۆشیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کەسایەتی ئەو سیاسەتوانە خاوەن ئەخلاقە.
ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی لە خەڵک و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بەبۆنەی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی هاوڕێی.
پاشا و پاشمیری عەرەبستانی سەعودی بە ناردنی پەیامی جیاجیا بۆ"محەممەدی موخبر" جێبەجێکەری دەزگەی کارگێڕیی ئێران، بەبۆنەی شەهادەتی ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆک کۆمار و شاندی هاوڕێی، لە دەوڵەت و گەلی ئێران سەرەخۆشیان کرد.
"هەیسەم بن تارق" پاشای عوممانیش لە پەیامێکدا بەبۆنەی شەهادەتی ئایەتوڵڵا رەئیسی و شاندی هاوڕێی، داوای لە خودای گەورە کرد هەتا ڕێبەری باڵای شۆڕش و گەلی ئێران بپارێزێ.
سەرۆک کۆماری میسریش لە پەیامێکدا، بەبۆنەی شەهادەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆک کۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان- وەزیری دەرەوەو شاندی هاوڕێی سەرەخۆشی کردو هاوخەمیی دەربڕی لەگەڵ بەرپرسان و گەلی ئێراندا.
لە پەیامی سەرۆک کۆماری میسردا هاتووە: سەرەخۆشی لە میللەتی برامان ئێران دەکەین و هاودەنگیی میسر لەگەڵ بەرپرسان و نەتەوەی ئێراندا لەو کارەساتە گەورەدا رادەگەیێنم.
شای ئوردونیش بەبۆنەی شەهیدبوونی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامی سەرەخۆشی نارد و وتی کە وڵاتەکەی لەو هەلومەرجە سەختەدا هاوخەمیی ئێرانە.
"حەمەد بن عیسا ئالی خەلیفە" شای بەحرەین بەناردنی پەیامێک بۆ ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، سەرەخۆشی کرد بەبۆنەی شەهادەتی ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراهیمی رەئیسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی هاوڕێی .
سەرۆک وەزیرانی مالزیاش بەناردنی وێنەیەکی خۆی و ئایەتوڵڵا سەیید ئیبراهیمی رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نۆڤمبەری ڕابردوو، رایگەیاند کە ناوبراو، سەرچەشنی پێبەندو دەروەستی ئاسودەیی و مەزنایەتیی خەڵک بوو.
ئەنوەر ئیبراهیم نووسی: زۆر خەمبار بووم بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەو چەند بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.