جۆن کێنێدی ڕوو لە ئەردوغان: واز لە کوردان بێنە
سناتۆری ئەمریکایی وشداری دا بە سەرۆک کۆماری تورکیا کە بێتوو پەلاماری کوردەکانی باکووری سوریا بدەن، ئەوا ئەویش داوا لە کۆنگرێس دەکات دژ بە ئانکارا هەنگاوگەلێک هەڵگرێ.
جۆن کێنێدی لە وتاردانی ئەمدواییەی خۆیدا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕوو لە ئەردوغان وتی: واز لە کوردان بێنن! دەسهەڵگرن لە شەڕی دژ بە کوردی سوریا.
ناوبراو وتیشی: ئێمە لە کاتێکدا نیگەرانی پەلاماری بەربڵاوی تورکیا بۆ سەر سوریاین کە ئەم وڵاتە دەبێ پرۆسەی ئاوەدانی و بنیاتنانەوەی خۆی دەست پێ بکات.
ئەم سناتۆرە ئەمریکاییە ڕوو لە ئەردوغان وتی: بێتوو پەلاماری سوریا بدەن و دەستتان بگاتە کوردان، من داوا لە کۆنگرێس دەکەم کە هەنگاوگەلی سزادەرانە دژ بە ئێوە دەست پێ بکات.
سیاسەتوانانی باڵای ئەمریکایی لە کاتێکدا نیگەرانی پەلاماری تورکیا بۆ سەر ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و کوردەکانی ئەم وڵاتەن کە ئەمریکا خۆی هەر ئێستا زیاتر لە دوو هەزار هێزی لە سوریا سەقامگیر کردووە و پێشتریش بە جاران لە کاتی پەلاماری تورکیا بۆ سەر سوریا، پشتی کوردەکانی ئەم وڵاتەی بەرداوە و بە تەنیای هێشتوون.