تشرینی یه‌که‌م 18, 2016 19:12 Asia/Tehran
  • ئاگربڕی یەکلایەنە لە حەڵەب، پێشاندەری بێ متمانەیی بە ئەمریکایە

ڕووسیا ڕایگەیاند، هەردوو سوپای ڕووسیاو سوریا ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە حەڵەب لەچوارچێوەی "ئاگربڕی مرۆدۆستانە" لەڕۆژی پێنج شەممەدا، بۆ هەشت کاژێر ڕادەگرن.

ڤیتالی چورکین، نوێنەری ڕووسیا لەڕێکخراوی نەتەوەکان دوێنێ دووشەممە وتی: ئاگربڕ لەکاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممەوە هەتا کاتژمێر١٦بەکاتی خۆجێیی جێ بەجێ کرا. لەچوارچێوەی ئاگربڕی ڕاگەیێندراو بۆ بردنە دەری کەسانی سیڤیل بەتایبەت بریندران و پاشەکشەی کەسانی چەکدار، داڵانگەلێک تەرخان دەکرێ.

بەقسەی چورکین، ڕووسیاو سوریا بەشێوەی یەکلایەنە ئاگربڕێکی هەشت کاژێری لە حەڵەبیان ڕاگەیاندو نوێکرانەوەی ئەو ئاگربڕە بۆ٤٨یان٧٢کاژێر، پێویستی بە ڕێککەوتنی چەندقۆڵی دەبێ.

بەرلەوە، ئاگربڕی تەوافوقی لەنێوان ڕووسیاو ئەمریکا لە حەڵەب لە کەمتر لە حەوتەیەک هەڵەوشا. ئاگربڕی تەوافوق لەسەرکراو، لە سیپتەمبەری ڕابردوودا دەریخست کە ئەمریکا جێی متمانە نییەو ئەو وڵاتە لەهەر بارودۆخێکدا بەرژەوەندییەکانی خۆی و گرووپە چەکدار و تیرۆریستییەکان لە سووریا لەبەر چاو دەگرێ.

هەڵوەشانی ئاگربڕی تەوافوقی نێوان ڕووسیاو ئەمریکا وای کرد کە دەزگەی میدیایی رۆژاوا بەهیدایەتی ئەمریکا لە شەڕی میدیاییدا، ڕووسیاو سوریای وەک هۆکاری ئاڵۆزکاوتر بوونی قەیران لە حەڵەب ناساند.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی بەناو نێوانڕەو کە داکۆکی ئەمریکا، عەرەبستان، قەتەر و تورکیایان لەپشتە ، بەهاوکاری گرووپی تیرۆریستیی بەرەی نوسرە(فەتحوشام) ناوچە جیاجیاکانی شاری حەڵەبیان دایەبەر پەلامار.

جموجۆڵی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، ژیانی نزیک بە٢٥٠هەزار سوری دژوار و ئەستەم کردووە. پەرەی جم و جۆڵی تیرۆریستان لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، سوپای سوریاو لایەنگرانی، ناچار بە سەرکوتی ئەوان کردووەو گۆڕەپانی ئێستای حەڵەب، پێشاندەری باڵادەستی سوپای سوریایە.

حەڵەب بەرەی سەرەکیی شەڕ لە سووریایەو سەرکەوتن لەو بەرەدا کاریگەریی دەبێ لەسەر داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتە. لایەنگرانی تیرۆریستان و گرووپە چەکدارەکان لەهەوڵدان هەتا دۆخی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، لە دۆخێکی شیاودا بپارێزن.

ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، بەگوێرەی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ ڕووسیا لە سیپتەمبەری ڕابردوودا ئەنجامی دا، ئامادە نییە ، کەسانی چەکداری نێوانڕەو لە گرووپی ڕەشەکوژی بەرەی نوسرە ، جیا بکاتەوە.

ئەو دوو گرووپە، ئامانجی هاوبەشیان هەیەو بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا هەوڵ دەدەن. ئەو بابەتە، لە دانیشتنی شەممەی ڕابردووی لۆزانی سوئیس لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ڕووسیا، ئەمریکا، عەرەبستان، تورکیا، ئێراق، میسر، ئۆردۆن و نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا بەجیددی هاتەئاراوە.

دانیشتنی لۆزان پاش چەند کاژێر باس و خواس و وتووێژ، چ ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوە. تاکاتێک کە جیاوازی دانەنرێ لەنێوان کەسانی چەکدار و نەیاری حکومەتی سورویاو گرووپی تیرۆریستی نوسرەدا و پێداگری بکرێ لەسەر بژارەی لەسەر دەسەڵات لادرانی بەشار ئەسەد پێش گرینگی دان بە دەنگی جەماوەری سوریا، هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئەو وڵاتەوە، بەئاکام ناگات.

ئەگەرچی دەورگێڕانی قەیرانی سوریا، لەمەڕ بەتیرۆریست ناوبردنی گرووپێک، هاوهەڵوێستن بەڵام ئەو بابەتە، لەڕاستیدا و بەکردەوە بەرچاو ناکەوێ و هەست پێ ناکرێ، بۆ وێنە، کێشەیەکی سەرەکی لەگۆڕێ دایە لەهەر دانوستان و وتووێژێکدا بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریاو جێگیرکرانی ئاگربڕی هەمیشەیی لە حەڵەب.

بەقسەی ڤیتالی چورکین، بێتوو تیرۆریستانی بەرەی نوسرە لە ناوچە ڕۆژهەڵاتیەکانی حەڵەب دەرپەڕێندرێن، بوار بۆ جێگیرکرانی ئاگربڕی هەمیشەیی لەو شارەدا خۆش دەبێ.