تشرینی یه‌که‌م 30, 2016 08:42 Asia/Tehran
  • پێداگری لە سەر چوونەدەری هێزە سەرباییەکانی تورکیا لە ئێراق

ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی ئێراق لە دیداری ساڵح شاعری بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە بەغدا، داوای لەم ڕێکخراوەیە کرد دەوڵەتی تورکیا ناچار بە بردنە دەرەوەی هێزە سەربازییەکان لە باکووری ئێراق بکات.

تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ـەوە سەدان هێزی سەربازیی خۆی بە شێوەی نایاسایی لە بنکەی بەعشیقەی موسڵ ناوەندی پارێزگەی نەینەوا بە بیانووی ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان سەقامگیر کردووە. شارەزایانی سیاسی جم و جۆڵی سەربازیی تورکیا لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوو بە نومایشی و پڕوپاگەندەیەک لە پێناو شاردنەوەی ناکامییە سیاسییەکانی لە ناوچەکە دەزانن. بە چاوخشاندنێک بە سەر سیاسەتە نائاوەزمەندانەکانی تورکیا بەرامبەر بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە لەوان ڕووداوەکانی سووریا، مەسر و فەلەستین، ئەوە دەردەکەوێ کە ئەم سیاسەتانە بە شێوازی جۆربەجۆر یەک لە دوای یەک بەرەوڕی شکست بوونەتەوە.
جم و جۆڵەکانی تورکیا لە سووریا بە مەبەستی یارمەتی دانی تیرۆریستان بۆ پێشگری بە شکست هێنانی تۆکمە و تەواویان و هەروەها هەوڵ بۆ سەرکوت کردنی دەوڵەتی یاسایی سووریا بە ڕێبەرایەتی بەشار ئەسەد بەرەوڕووی شکست بۆتەوە. ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا پیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی بەشار ئەسەد، لایەنی بەهێزی ئەو گۆڕەپانەیە و جیهانیش دانی ناوە بە دەوری کاریگەر و سەرەکیی بەشار ئەسەد لە ڕووداو و گۆرانکارییەکانی داهاتووی ئەم وڵاتەدا. تورکیا بۆ پەرەپێدانی  دزە ودەسەڵاتی خۆی لە ناوچە، چاوی تەماحی بڕیوەتە هەندێ ناوچەی سووریا و لەبەر ئەوەش بوو کە گەڵاڵەی ناوچەی دژە فڕینی لە سووریا هێنایە ئاراوە و لە دووی داسەپاندنی ئەو گەڵاڵەیە بە سەر کۆمەڵگەی جیهانیدا بوو کە ئەویش تووشی شکست بوو.
سیاسەتە نائاوەزمەندانەکانی تورکیا لە سووریا، پێوەندییەکانی ئانکارای لەگەڵ ژمارێک هێز و دەسەڵاتی کاریگەر لەم قەیرانە لەوان ڕووسیای ئاڵۆز کرد. ئەم مەسەلە هیچ سوودێکی بۆ تورکیا نەبوو و بواری خۆش کرد بۆ تەشەنەی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچە و تەریک کەوتنەوەی زیاتری تورکیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا. سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی مەسریش تورکیا بە پشتیوانیی بێ شەت و مەرج لە ئیخوانولموسلمین و پێوەند دانی بەرژەوەندیی نیشتمانیی تورکیا لەگەڵ ڕووداوە ناوخۆییەکانی مەسر تووشی هەڵەیەکی گەورە بوو لە پێشبینییەکانیدا. بە وەلانرانی محەممەد مورسی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی دەسەڵاتداری مەسر پێوەندیی نێوان تورکیا و مەسر ئاڵۆز بوو و کاەربەدەستانی مەسری رایانگەیاندووە کە دەسپێ بوونەوەی پێوەندی لەگەڵ تورکیا تەنیا ئەو کاتەی گونجاو دەبێ کە  ئانکارا سیاسەت و ستراتژیی خۆی بەرامبەر بە مەسر بگۆڕێ.
سیاسەتە ناڕوون و تەماوییەکانی کاربەدەستانی ئانکارا بەرامبەر بە کوردەکان کە لە لایەکەوە خەریکی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ کوردی تورکیایە و لە لایەکی دیکەوە بە بیانوویی ڕاهێنانی کوردی سووریا هێز بەڕێ دەکات بۆ ئەم وڵاتە، پیشاندەری بێ بەرنامەیی و سەرلێشێوایی کاربەدەستانی تورکیا لە بواری چۆنیەتی هەڵس و کەوت لەگەڵ کوردەکانە.
تورکیا چەن ساڵ لەمەوبەر پاش پەلاماری هێزە سەربازییەکانی ئیسراییل بۆ سەر گەمیی مەرمەرە کە هەڵگری چالاکان و هەڵسوڕاوانی تورکیایی لە بواری ئاشتی و گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی غەززە بوو، رایگەیاندبوو؛ تەنیا ئەو کاتەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی دەست پێ دەکاتەوە  کە ئەم ڕژێمە کۆتایی بێنێ بە گەمارۆی غەززە و زەبر و زیانی بریندارانی ئەو ڕووداوە قەرەبوو بکاتەوە و زیانبایی بدات بە بنەماڵە و کەس و کاری کوژراوانیش. بەڵام ڕووداوەکانی دواتر ئەوەی نیشان دا کە ئەو شەرت و مەرج دانانەی تورکیا خۆهەڵکێشان نەبێ شتێکی زیاتر لەوە نەبووە  بە بێ ئەوەی ڕژێمی زایۆنی کۆتایی بێنی بە گەمارۆی غەززە، تورکیا پێوەندیی سیاسی خۆی لەگەڵ ڕژێمی ئیسراییل دەست پێ کردوە. ئەو ڕەوشەیش بۆتە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی تورکیا بە پەرەپێدانی جم و جۆڵە نایاساییەکانیان لە ئێراق، سەرنجی جیهانی لە ناکاماییەکانیان لە ناوچەکە دوور خەنەوە و سیاسەتە پاوانخوازانەکانیان لە ئێراقدا جێبەجی بکەن. بەڵام کاردانەوەی بەربڵاو بە خۆوەردانی تورکیا لە ئێراق پیشاندەری ئەوەیە کە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ئێراقیش تووشی شکست هاتووە. جم و جۆڵی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە تەنیا ئاڵۆز و سارد بوونەەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە لەوان ئێراقی بە دواوە بووە و سیمایەکی نگەتیڤی لە تورکیا وەکوو وڵاتێکی شەڕاشۆ، خۆتێوەردەر و پشتیوانی تیرۆریستان خستۆتە بەرچاو.