تشرینی یه‌که‌م 21, 2016 21:17 Asia/Tehran
  • گەڵاڵەی پێنج بڕگەیەکەی

لەکاتێکدا کە ناوچە جیاجیاکانی سووریا بینەری شەڕو پێکدادانە "ستێفان دی میستورا"ی نوێنەری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا گەڵاڵەیەکی پێنج بڕگەیی هەرتەنیا بۆ حەلەب خستە ڕوو .

قەیرانی سوریا گەیشتووەتە قۆناخێک کە هەموو لایەنەکانی ناوخۆ، ناوچەو جیهان ، تاڕادەیەکی زۆر بێ هیوا بوون لە هەوڵدانەکان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەکەڵک وەرگرتن لە ڕێکاری دیپلۆماسی. دەسەڵاتە ڕۆژاواییەکان بەئاگاداربوون لەوەی کە گۆڕانکارییەکانی سوریا بەتایبەت لە حەڵەب لەئاراستەی ئامانجەکانی ئەو دەسەڵاتانە ناچێتەپێش و تیرۆریستان پرۆسەی لاوازبوون تاقی دەکەنەوە، دانیشتنی لۆزانیان بەئامانجی دەسڕاگەیشتن بە ڕێکاێک بەڕێوەبرد بەڵام ئەو دانیشتنە لەبەر ناکۆکی و بێ متمانەیی زۆر کە لەنێوان ڕووسیاو ئەمریکادا هەیە، بێ هیچ ئاکام و ئەنجامێک کۆتایی پێهات.

ئەگەرچی ئاگربڕی چەند ڕۆژەو کاتی جێگیر دەکرێ بەڵام ئەو ئاگربڕانە بۆ خەڵک و شارومەندانی حەڵەب، ڕێگاچارە نین بەڵکوو تەنیا بەمانای دەرفەتێکن بۆ پشوودان و حەسانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان. گرووپە ڕەشەکوژەکان لە حەڵەب ئەو ڕۆژانە لەبارودۆخێکی دژواردان چونکە سوپای سوریا بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا ، هێزە زەوینییەکانی حیزبوڵای لوبنان و داکۆکی ڕاوێژکارانەی ئێران لەناوچەی حەڵەب، لەچاو تیرۆریستان، سەرکەوتوو دێتەبەرچاو.

لەبەر ئەوەی حەڵەب لەگەڵ باکووری دەمشق ٣١٠ کیلۆمیتر و لەگەڵ سنووری تورکیا ٦٠ کیلۆمیتر مەودای هەیە، سەرکەوتن لە حەڵەب دەتوانێ سەرکەوتنێکی مەزن بێتەئەژمار بۆ حکومەتی سوریا چونکە کەوتنی حەڵەب بەمانای نزیک بوونەوەی سوپای سوریا لە سنوورەکانی تورکیایە و ئەوەش بەدڵی تورکیا نییە.

لەلایەکی دیکەوە ،سەرکەوتنی سوپای سوریا لە حەڵەب بەمانای پێشڕەوی بەرەو ئەدلەبیشە کە ، ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، تیرۆریستان پتر لە هەرکاتێک دەکەونە گوشارەوە.

سەرکەوتن لە حەڵەب بەمانای شکستی ئەمریکا لە ڕووسیاش دەبێ. ئەمریکا لەگشت ئەو ئامرازانەی لەدەستی دایە، سوودی وەرگرت هەتا سوپای سوریا بەسەر نەیاران لە حەڵەب، سەرنەکەوێ و هاوسەنگیی دەسەڵات لە سوریا بە قازانجی روسیا نەگۆڕێ بەڵام سەنەدو بەڵگەکان و گۆڕانکارییە مەیدانییەکان پێشاندەری شکستی ئەمریکا لەو بوارەیە.

بەسەرنجدان بە هەمووی ئەو بارودۆخە، ستێفان دی میستورا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆکاروباری سوریا جارێکی دیکە گەڵاڵەیەکی خستووەتە ڕوو کە لەگەڵ ڕاستیە مەیدانییەکان لەحەڵەب و هەروەها پێشینەی گرووپە ڕەشەکوژەکان، یەک ناگرێ.

لە گەڵاڵەکەی دی میستورا جەخت لەسەر ڕاگرتنی بەتەواوەتی بۆردومان، تێکهەڵچوونەکان و شەڕ و تەقە لەسنووری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای حەڵەب و لەناوخۆی ئەو شارە کراوە. ڕاگرتنی شەڕ لە حەڵەب هەلی چوونەدەر لە ئاڵقەی گەمارۆ بۆ تیرۆریستان دەڕەخسێنێ. بڕگەی دووهەمی گەڵاڵەکەی دی میستوراش لەئاراستەی داکۆکی لە تیرۆریستانە چونکە لەو بڕگەیەدا هاتووە، گرووپی بەرەی نوسرە کە وەک گرووپێکی ڕەشەکوژ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەکانەوە ڕیزبەندی کراوە، دەبێ لەحەڵەب بچێتەدەر،.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە کاتێک بەرەی نوسرە لەحەڵەبدا دەستی باڵای بوو و تاوانی ئەنجام دەدا، بۆچی ڕێکخراوی نەتەوەکان چوونەدەری ئەو گرووپە لە حەڵەبی نەهێنابۆ ئاراوە؟ واپێ دەچێ گیانی تیرۆریستان بۆ ڕێکخراوی نەتەوەکان لەگیانی شارومەندانی ئاسایی و بێتاوان گرینگتر بێ.

بڕگەی سێهەمی گەڵاڵەکەی دی میستوراش ئەوەیە کە گەمارۆی ڕۆژهەڵاتی حەڵەب دەبێ بەتەواوەتی هەڵبگیردرێ هەتا ئەو دڵنیاییە بێتەدی کە بێ کەندو کۆسپ یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە دەست کەسانی ئاتاج.

پرسیار ئەوەیە کە لەبەرچی دی میستورا هیچ باسێک ناکا لەمەڕ هەڵگیرانی گەمارۆی دوو شارۆچکەی شیعەنشینی فوعەو کفریا کە چەندین مانگە بەردەوامەو خوازیاری ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو دوو شارۆچکە نییە؟

بڕگەی چوار و پێنجی گەڵاڵەکەی دی میستوراش ئەوەیە کە ئیدارەی خۆجێی ئێستاو سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب دەبێ بەدەست لێنەدراوی بمێنێتەوەو درێژە بەکاری خۆی بدات و حکومەتی سوریا دەبێ بۆ ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکان لەحەڵەب دەستەبەریی بدات.

پێ دەچێ دی میستورا بەم گەڵاڵەی، بەنیازە ئەمریکا، تورکیاو تیرۆریستان لە حەڵەب لە شکستێکی حەتمی ڕزگار بکات.