بەرپەرچ درانەوەی پەلاماری بەربڵاوی داعش بۆسەر سنووری ئێراق و سووریا
هێزەکانی حەشدی شەعبیی ئێراق ، دەسدرێژکاریی رۆژی سێ شەممەی داعش بۆسەر سنوری ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریایان بەتەواوەتی بەرپەرچ دایەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سەداوسیما، هێزەکانی تیپی١٣ی حەشدی شەعبی جێگیر لە سنوری تەل سفوک لە باکووری ڕۆژاوای پارێزگای نەینەوای ئێراق و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکەی سوریا، پەلاماری گرووپی ڕەشەکوژی داعشیان بەرپەرچ دایەوەو خەسار و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن.
سەرچاوەیەکی مەیدانیی وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەو پەلامارە ڕایگەیاند؛ لانیکەم٣٠٠ تیرۆریستی داعشی بەپاڵپشتی ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکان، و ئاوری بەرفراوانی تۆپخانەیی ومووشەکیی پەلاماریان کردۆتەسەر تەل سفوک.
پاش پاکتاوکرانی ناوچە ڕۆژاواییەکانی پارێزگای نەینەوای ئێراق لەلایەن حەشدی شەعبیی ئەو وڵاتەوە، هەزاران تیرۆریستی داعشی بەرەو ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکانی حەسەکە، دێرەزوور و حۆمسی سوریا هەڵاتوون و دەستیان کردووە بە دانانی پێگەی جۆراوجۆر لەسەر سنووری ئەو ناوچانە لەگەڵ ئێراقدا.