حوزه‌یران 07, 2018 11:46 Asia/Tehran
  • پەرلەمانی ئێراق خوازیاری سەر لە نوێ ژمێردرانەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردن بوو

پەرلەمانی ئێراق ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا خوازیاری سەر لە نوێ ژمێردرانەوەی دەستیی هەموو دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بوو.

بە پێی راپۆرتی ئەلعالەم؛ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی ئێراقدا کە بە سەرۆکایەتیی "سەلیم جەبووری" بەڕێوە چوو، کاری کۆمیساریای باڵاو سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەڵپەسێردرا و ڕاگەیەندرا کە ٩ دادوەر ئەرکی چاوەدێری بە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیان خراوەتە ئەستۆ.

ژێدەرێکی ئاگادار لە پەرلەمانی ئێراق بە ماڵپەڕی بەغدا ئەلیەومی وت: پەرلەمان لەم کۆبوونەوەیەدا دەنگی داوە بە لێژنەی پەیجۆری راستی تا سەبارەت بە ئەو گزیکاری و کردەوە نایاساییانەی لە کاتی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان ئەنجام دراوە، لێکۆکڵینەوە بکات و ئەو بریارە هەر هەموو بنکەکانی دەنگدانی سەرتاسەری ئێراق دەگرێتەوە.

پێشتر "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق ڕایگەیاندبوو: دەوڵەت هەموو ئەو سکاڵایانەی سەبارەت بە ڕوودانی گزیکاری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بەرز کراونەتەوە لە ڕێگای لێژنەی باڵای وەزارەتییەوە دەخاتە بەر لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە.

چوارەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراق بە ئامادەبوونی ٢٧ هاوپەیمانیی هەڵبژاردەیی و ٢٠٥ پارت و ڕەوتی سیاسیی ڕۆژی ١٢ی مانگی مەی بەڕێوە چوو و سەرجەم ٨٨ لیستی هەڵبژاردن ململانێیان تیادا کرد بۆ دەس خستنی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێراقدا، هاوپەیمانیی سائیرون (موقتەدا سەدر) ٥٤ کورسی، ئەلفەتح (هادی عامری) ٤٧ کورسی، ئەنەسر (حەیدەر عەبادی) ٤٣ کورسی، دەوڵەتی یاسا (نووری مالکی) ٢٥ کورسی، وەتەنییە (ئەیاد عەلاوی) ٢٢ کورسی و ڕەوتی حیکمەت (سەید عەمار حەکیم) ١٩ کورسی و ئەلقەرار (ئوسامە نوجەیفی) ١٣ کورسیی پەرلەمانیان بە دەست هێنا.

سەرپەیڤ