حوزه‌یران 12, 2020 19:54 Asia/Tehran
  • دانوستانی ستراتژیی عێراق و ئەمریکا

دانوستانی ستراتژیی عێراق و ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە ئامادە بوونی تیمە سیاسی و پسپۆڕییەکانەوە بەرپاکرا. بەرپا کرانی ئەم وتووێژانە یەکەم ئەزمونی دەوڵەتی موستەفا کازمییە لە ڕووی دابین کردنی خواستی عێراقییەکان بۆ دیاری کردنی چوارچێوەیەکی تازە لە گەڵ ئەمریکییەکان لە ئاراستەی پارێزرانی سەروەری و دەستەڵاتی نیشتیمانی و ڕوون کردنەوەی پرسی کشانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق.

 

 
ڕۆزی ھەینی دەوڵەتی عێراق و ئەمریکا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی ھاوبەش لە بارەی دانوستانە ستراتژییەکانی نێوان ھەردووک وڵات، لە سەر کەم کردنەوەی ژمارەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق جەختیان کرد. لە دەقی بەیاننامەکەدا ھاتووە: بە گوێرەی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتژیی پەیوەندیی دۆستانەو ھاوکاریی ساڵی ٢٠٠٨، تەوەرەی ئەم دانیشتانە لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە نێوان عەبدولکەریم ھاشم موستەفا یاریدەری وەزیری دەرەوەی عێراق وەک نوێنەری ئەم وڵاتەو دەیڤید ھیل بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەمریکاوە تاوتوێ کرا. تەوەرگەلێک کە داگری ئاسایشت، خەباتی دژی تیرۆریزم، ئابووری،وزە، پرسگەلی سیاسی و پەیوەندی چاندی و ڕۆشنبیریییە.

 

لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییەو لە پاش پەسەند کراوەکەی پەرلەمانی عێراق لە مەڕ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق، تاقمە جۆربەجۆرەکانی عێراق داوایان لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە کردبوو کە بنەمای دانوستانەکان کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق بێت.
قەیس خەزعەلی سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەقی عێراق لە توییتێکدا نووسی؛ یاساوڕێساکانی عێراق مۆڵەتی مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لەم وڵاتە نادات.

 

 
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە پەیامێکدا بۆ شاندەکەی عێراق داوای لێکردبوون کە لە دانوستانەکانیان دا پەسەندکراوە یاساییەکەی وەدەرنانی ھێزەکانی بیانی لە عێراقیان لەبیر نەچێت.
ڕەنگە ھەر لە بەر ئەمەش بووبێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکەم دەرەنجامی دانوستانەکانی ڕێککەوتن لە سەر کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی ڕاگەیاند.

 

 
لێکۆڵەران وێرای ئاماژە کردن بە ئامانجەناوچەییەکانی ئەمریکا لەو باوەڕەدان کە واشێنگتۆن بە بیانووی مەشق پێکردن و یان ئامادە بوونی بەڵێندەرانی ئەمریکی لە عێراق لەوانەیە بە نیازی پاراستنی کنەی خۆیان و یان گۆڕینی شێوازی مانەوەیان لە عێراق دا بن، کە دیارە لە ئاوا حاڵێکدا ھەرچەشنە لێکدانەوەیەکی دەقی ڕێککەوتنی تازەی نێوان بەغداو واشێنگتۆن لە ڕوانگەی نەیارانی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق شاراوە نابێ و ڕەنگە ببێتە ئالنگاری و گرفتێکی گەورەش بۆ واشێنگتۆن.

سەرپەیڤ