ته‌مووز 11, 2020 15:10 Asia/Tehran
  • هەڵمەتی دژی داعشی عێراق لە نزیک سنووری ئێران

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقی، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق – قۆناغی چوارەم لە پارێزگای دیالە دەستی پێکرد.

 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چوارەم قۆناغی ئۆپەراسیۆنی پالەوانەکانی عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی مستەفا کازمی و بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستی پێکردووە،" ئامانجیش لێی، "ڕاوەدونانی پاشماوەکانی تیرۆر و سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە پارێزگای دیالە، هەروەها پاککردنەوە و پشکنینی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ ئێران، سەرەڕای چوونی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان (دژەتیرۆر) بۆ ناو ئەو ناوچانەی داعش قۆزتوونیەتیەوە و کاری تیرۆریستی تێدا ئەنجام دەدات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ناوچەکان هێڵی جیاکەرەوە نێوان هێزەکانی فیدراڵ و هێزەکانی پێشمەرگەن".

سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا بە شەفەق نیوزی وت، "مستەفا کازمی گەیشتووەتە بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە دیالە، بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکە".

شانەی ڕاگەیاندن ڕوونیشی کردەوە، "ڕووبەری ئۆپەراسیۆنەکە فراوانە و بە 17685 کیلۆمەتردووجا مەزەندە دەکرێت. سەرەڕای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی گرنگ و جۆری هەیە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان (دژەتیرۆر)".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی سوپا و هێزە ئاسمانییەکان و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەنجام دەدرێت.

 

سەرپەیڤ