بەنێوەندگیری سەرۆک کۆماری عێراق، مەسرور بارزانی و کازمی لەسەر ناردنی موچە رێککەوتن
دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێکنزیککردنەوەی هەرێم و بەغداد، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەرکردنى کێشەکان ڕێککەوتن، لەوانەش بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی یٔێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.
میدیای خەندان راپۆریدا ، دوێنێ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.
لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستوری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.
ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا یٔاماژەیان بە پێشەوەچونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردولا بوو.
لە سەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هەردوولا، لە سەر چارەسەریی ھەنوکەیی کێشەی موچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا ، بەپێی دۆخی دارایی یٔێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە موچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت. و
هەفتەی رابردوو بەچاودێری و نێوەندگیری بەرهەم ساڵح، هەردوولا ھەتا ئەندازەیەکی باش رێککەوتبوون لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، تەنها لەبەرامبەر بەڕێوەبردنی هاوبەشی خاڵە گومرگییەکان.
خەندان نووسیویەتی بەپێی ئەو رێککەوتنە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک رادەستی عێراق ناکات، لەبەرامبەردا رێگە بەحکومەتی عێراق دەدات بەهاوبەشی خاڵە گومگرگییەکان بەڕێوەببەن، بەڵام چەند گروپێک لەناو پێکهاتەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم، لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندییان نەبوو، پەشیمان بوونەوە و ئامادەنەبوون خاڵە گومرگییەکان رادەستبکەن.