شەوی رابردو وەزیری بەرەڤانیی فەرەنسا گەییشتە بەغدا
شەوی رابردو وەزیری بەرەڤانیی فەرەنسا بە مەبەستی ڕاگەیاندنی پشتیوانیی دەوڵەتی پاریس بۆ حکومەتی تازەی عێراق و ھەروەھا تاوتوێ کردنی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی ئەم وڵاتە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، نوسینگەی «فلۆرانس بارلی» وەزیری بەرەڤانیی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، شەوی رابردو وەزیری بەرەڤانیی فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق ھەتا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق دوپات بکاتەوە کە لە ئێستادا ھاوکات روبەڕوی قەیرانی سیاسی و ئابوری و تەندروستی و ئاسایشتی بووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکرا وە کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە «بارلی» لەگەڵ هەریەک لە « بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆمارو «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران و «عەناد جبوری» وەزیری بەرەڤانیی عێراق و ھەروەھا فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش کۆدەبێتەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بارلی لەم سەردانەیدا گفتوگۆ لەبارەی دۆسییەی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق، لە دەستوەردانەکانی تورکیاش دەکرێت، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە لە دژیی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات.
باس لەوەشکراوە کە،دەستوەردانەکانی تورکیا لە خاکی عێراق گەیشتوەتە ئاستێک کە پاریسی نیگەران کردوە، چونکو بەردەوامیی ئەو ھێرشانە هاوسەنگیی ئاسایشی ناوچەکەی تێکداوەو بۆ ئەم مەبەستەش فەرەنسا پاڵپشتی تەواو لە سەروەریی خاکی عێراق ڕادەگەیەنێت.