لە پرۆژە بودجەی2021 ی عێراق دا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم 682 هەزارە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت بە گوێرەی ڕەشنووسی پرۆژەی بودجەی 2021ی عێراق کە بەدەستمان گەیشتووە بۆ ئەمساڵیش 682 هەزار فەرمانبەر بۆ هەرێمی کوردستان نووسراوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە"میللەت"ی ڕاگەیاند بەگوێرەی ڕەشنووسی پرۆژە بودجەی2021 کە بەدەستمان گەیشتووە بۆ ئەمساڵیش ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پرۆژە یاساکە هەر 682 هەزار فەرمانبەرە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە ئێمە وەکوو نوێنەرانی کورد لە لیژنەی دارایی هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە ئەو ژمارەیەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەپرۆژەکە دانراوە زیاد بکرێت و ناکرێت لە ساڵی 2011ەوە هەر 682 هەزار فەرمانبەر بۆ هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت و گۆڕانکاری تێدا نەکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد ئەگەر پرۆژەکە و پشکی هەرێمیش دیاری بکرێت بەشێکی پەیوەندی بە ژمارەی فەرمانبەرەوە هەیە بۆیە هەوڵ دەدەین لە بەرژەوەندی کورد گۆرانکاری لەو بڕگەیەدا بکەین و ئەوەی ئەرکی ئێمە بێت جێبەجێی دەکەین.