شوبات 03, 2021 07:46 Asia/Tehran
  • کازمی کوژرانی سەرکردەیەکی داعشی لە لایەن ھێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕاگەیاند

ڕۆژی سێ شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان «ئەبو حەسەن ئەلغرێباوی» فەرماندەی باشوری عێراقی داعشیان کوشتوە و بەڵێنی خۆیان لە کۆتایی هێنان بە سەرانی ئەو رێکخراوە و وەفایان بۆ گیانی شەهیدان جێبەجێ کردوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراقەوە، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتوییتێر  نووسیویەتی: ھەردووک سەرکردەی  تیرۆریستی داعش «ئەبو حەسەن ئەلغرێباوی» فەرماندەی باشوری عێراق و «غانم سەباح» بەرپرسی گواستنەوەی خۆکوژەکانمان لەگەڵ ژمارەیەک تیرۆریستی دیکەش لە نێو برد.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەمە بەجێهێنانی بەڵێنی پاڵەوانەکانمانە بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی سەرکردەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش و وەفایەکیشە بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

١٧ی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٧حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام بە  وتەی هێزەکانی عێراق بەشێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە بەشێوەی گروپی بچوک لە ناوچە بیابانەکانی ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین و چەندین شوێنی دیکەی عێراق بونیان هەیە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەئامانج دەگرن.

سەرپەیڤ