دەسدرێژی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوئێلا و ڕفاندنی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و تووڕەیی خەڵکی ڤەنزۆئێلا لەوکارەی ئەمریکا
حکومەتی ئەمریکا شەوی ڕابردوو هەڕەشەکانی چەن مانگەی خۆی دژی ڤەنزوئێلای جێ بەجێ کرد و بە فڕۆکەی شەڕکەر و کۆپتەر پەلاماری کردە سەر کاراکاسی پێتەختی ڤەنزوئێلا و بنکەکانی سەربازی و بینای پەرلەمان و ژێرخانەکانی گرینگی کاراکاسی تێکشکاند . حکومەتی ڤەنزوئێلا باری نائاسایی لەو وڵاتەی ڕایگەیاند ترامپ بانگەشە دەکات کە هێزەکانی ئەمریکا سەرۆک کوماری ڤەنزوئێلایان ڕفاندووە .
حکومەتی ڤەنزوێلا وێڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەو وڵاتە، پەلامارەکانی ئەمریکای لەدژی ئامانجەکانی ناوخۆی ڤەنزوێلای بە توندی ئیدانە کرد و ئەو کارەی بە پێشێلکردنی جددی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ڤەنزوێلا زانی .
ڤلادیمێر پادرینۆ، وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە پەلاماری کراوەتە سەر و داگیرکراوە و ئەمەش گەورەترین پەلامارێکە کە وڵاتەکە تا ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ سازشێک لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی ڤەنزوێلا ناکرێت و پێویستە خەڵکی ئەم وڵاتە یەکبگرن. وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوەشکرد: دوژمن بە دوای ئەوەیە ترس و توقان و ئاژاوە لە وڵاتەکەماندا دروست بکات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە نیشتمانمان لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا. سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە لە نیوە شەوی ڕابردووەوە فڕۆکە جەنگییەکان و کوپتەرەکانی ئەمریکایی ناوچە جۆربەجۆرەکانی کاراکاسی پێیتەختی ڤەنزوێلایان کردۆتە ئامانج و جگە لە بنکەکانی سوپای ئەو وڵاتە، ناوەندی پەیوەندییەکانی و ژێرخانی گواستنەوەی گازی کاراکاسیان تێکشکاندووە. وڵاتانی جۆربەجۆر لە سەرانسەری جیهان، لەوانە ئێران، ڕوسیا، کوبا و کۆڵۆمبیا و گروپە خۆڕاگرییەکانی ناوچەکە، پەلاماری ئەمریکایان بۆ سەر ڤەنزوێلا ئیدانە کرد. وه زاره تی دەرەوەی ئێرانیش جه ختی کرده وه که پەلاماری سەربازی ئه مریکا بۆ سەر ڤه نزوێلا پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ڕێساکانی بنەڕەتی مافە نێونەتەوەییەکان نمونەیەکی تەواوی کردەوەی دەسدرێژکارییە.
لولا داسیلوا سەرۆک کۆماری برازیل لە کاردانەوە بە دەسدرێژیەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوئێلا وتی : بوردمانی ڤەنزوئێلا و گرتنی سەرۆک کومارەکەی ، هێڵی سوورێکە کە بەزاندنی قەبووڵکراوە نییە ئەو کارە سووکایەتی جیدییە بە دەسەڵاتداریەتی نیشتمانی و پێشینەیەکی مەترسیدارە کە جیهان ڕووبەڕووی ئاژاوە دەکاتەوە .
ژەنەڕاڵ لۆرا ڕیچاردسۆن، فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئەمریکا ناسراو بە ساوسکام ، دوای پەلاماری ئەو وڵاتە بۆ سەر ڤەنزوێلا ڕایگەیاند: تەرکیزی واشنتۆن لە ئەمریکای لاتین دیموکراسی نییە؛ بەڵکوو کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و لیتیۆم و زێڕ و کانزا دەگمەنەکانە. ڤەنزوێلا خاوەنی زۆرترین پاشەکەوتی نەوت و کانزا دەگمەن و ستراتیژییەکانە لە جیهاندا.