پاپا فرانسیس و ئایەتوڵڵا سیستانی لە پشت درگای داخراو کۆبوونەوە
پاپا فرانسیس رێبەری کاتولیکەکانی جیھان لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە شاری نەجەف دیدار و وتووێژی کرد .
بە پێی راپۆرتی ھەوڵدەریی فەرمیی عێراق ( واع) سەرچاوە عێراقیەکانی رایانگەیاند ، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە پاپا فرانسیس گەیشتە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئایەتوڵڵا سیستانی لە نەجف و ھەردوو لا لەپشت درگای داخراو بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە گەڵ یەکتردا وتووێژیانکرد .
بە پێی ئەم راپۆرە ، رێگا بە ھیچ کەسایەتیەکی سیاسی و حکومەتی نەدراوە لەم کۆبوونەوەدا ئامادە بن .
پاپا و شاندی ھاوڕێی دوای بەجێھێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئایەتوڵڵا سیستانی بەرەو شاری ئوور لە پارێزگەی زیقار لە باشووری عێراق وەڕێکەوتن .
پاپا فرانسیس دوانیوڕۆی دوێنێ ھەینی گەشتە عێراق و چاوی کەوت بە کاربەدەستانی باڵای ئەم وڵاتە لەوان مستەفا کازمی سەرۆکی وەزیران و بەرھەم ساڵح سەرۆک کومار .