خەزعەلی: ڕیازو ئەبوزەبی کاولکاری نەبێ ھیچیان بۆ عێراق نەبووە
سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھالی حەقی عێراق وێڕای ڕەخنەگرتن لە ھەنگاوەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات دژی ئەم وڵاتە جەختی لەوە کردەوە کە، ھیچ متمانەیەک بەم وڵاتانە ناکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ھەواڵیی ئەلعەھد، «قەیس خەزعەلی» سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھالی حەقی عێراق ئەمڕۆ ھەینی پێی داگرت: ئەگەر عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات سوورن لە سەر دامەزراندنی پەیوەندیی تازە لەگەڵ عێراق دا، دەبێ لە بەر داکۆکی کردنیان لە تیرۆریزم و ڕژاندنی خوێنی جەماوەری عێراق ، داوای لێبوردن بکەن.
خەزعەلی پێی داگرت: عێزراق لە عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات شەڕو ماڵوێرانی نەبێ ھیچی دیکەی نەدیوەو ھەر وڵاتێک کە عەرەبستانی سەعودی و ئیمارات پێیان تێ نابێت، چارەنووسێک بێجگە لە فەوتان و لەنێوچوون و قەڵاچۆو شەڕی نێوخۆیی چاوەڕوانی نەبووە.
«قەیس خەزعەلی» سکرتێری گشتیی عەسائیبی ئەھالی حەقی عێراق بە دەربڕینی ئەمەی کە بە ئاسانی ناکرێ متمانە بە ڕیازو ئەبوزەبی بکرێت، وتیشی: ئێمە لە بەر ئەم وڵاتانە خوێنی زۆرمان لێ ڕژاوەو شەھیدی زۆرمان داوە، عەرەبستانی سەعودی بە تەنیایی پێنج ھەزار تیرۆریستی خۆکوژی نارد ھەتا خۆیان لەنێو جەماوەری عێراق دا بتەقێننەوە.
ئەم کەسایەتیە عێراقییە تیشکی خستەسەر ئامادە بوونی نایاسایی لەشکریانی تیرۆریستی ئەمریکی لە عێراق و وتی: ھێزەکانی ئەمریکی کە عێراق ھیچ پێویستییەکی پێیان نییە، دەبێ بە پێی خشتەیەکی زەمەنیی گونجاو لە عێراق بکشێنەوە.
«قەیس خەزعەلی» وێڕای ڕەخنەگرتن لەمەی کە بنکەی «عەینۆلئەسەد»ی عێراق بووە بە بنکەیەکی لەشکریانی ئەمریکی، جەختی کرد: دانەوەی «عەینۆلئەسەد» بە عێراق لەژێر ناووناتۆری جۆربەجۆر بەبێ ئەوەی ھیچ گۆڕانێک بەسەر بارودۆخی دا بێت، جۆرێکە لە چەواشەکاری.