یاریدەری وەزیری بەرەڤانیی ئێران لە گەڵ سەرۆکی «حەشدی شەعبی» دیدارو وتووێژی کرد
سەردار «حوججەتوڵڵا قورەیشی» یاریدەری وەزیری بەرەڤانیی ئێران لە سەردانەکەی بەغدای لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوەی «حەشدی شەعبی» سەربە ھێزە چەکدارەکانی عێراق دیدارو وتووێژی کرد.
لە دیدارەکەدا لە بارەی کاروبارو ڕووداوەکانی ناوچەکە و بابەتگەلی ھاوبەشی نێوان دوو وڵات باس و وتووێژ کرا.
بە پێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕێکی سەر بە حەشدی شەعبی، سەرۆکی ڕێکخراوەی جەماوەریی حەشدی شەعبیی عێراق لەگەڵ سەردار «حوججەتوڵڵا قورەیشی» یاریدەری وەزیری بەرەڤانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی ھێزمەند کردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی نێوان دوو وڵات وتووێژیان کرد.
ھەروەھا لە دیدارەکەدا بابەتگەلی ناوچەیی و ھاریکاریی سەربازی لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە مەبەستی ھێزمەند کردنی ھەنگاوەکانی دژی تیرۆریزم تاوتوێ و پێداگریی لە سەر کرا.
یاریدەری وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر لە دیدارەکەدا ستایشی ھەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەی جەماوەریی حەشدی شەعبیی عێراقی کرد لە مەڕ ڕاوەدوونان و ناس کردنی بەرماوەو شانەنوستووەکانی داعش.