حوزه‌یران 03, 2021 06:44 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی بەربڵاوی حەشدی شەعبی لە پارێزگای «دیالە»ی عێراق

ھێزەکانی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبیی عێراق ڕۆژی چوارشەممە ھەڵمەتێکی بەربڵاویان دژی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای «دیالە»ی ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە ئەنجام دا.

ئامانج لەم ھەڵمەتە بەربڵاوەی کە بە بەشداریی ٦ لەشکری حەشدی شەعبی ئەنجامی گرت، دۆزینەوەی حەشارگەو ڕاوەدوونانی چەکدارانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکانی گردوپەڕی «حەمرین»و «خانەقین» لە پارێزگای «دیالە» ڕاگەیەندراوە.

سەرباری شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ھێشتاش کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە  بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ڕوویان لە کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە کردووە.   

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. دوابەدوای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لە ئێران کرد ھەتا لە خەباتی دژی تیرۆریزم یارمەتیی بەغدا بدات.

هێزەکانی عێراق بە یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ١٧ی نوامبەری ٢٠١٧ توانییان شاری «ڕاوە» لە پارێزگای ئەنبار وەکو دوایین پێکەی داعش لە عێراق ڕزگار بکەن. بە ڕزگار کرانی ئەم شارە بە کردەوە کاری داعش لە عێڕاق دا تەواو بوو. 

حەشدی شەعبیی  لە ساڵی ٢٠١٤ دا دوای ئەوەی کە تاقمی تیرۆریستی داعش بڕێک لە ناوچەو شارەکانی عێراقی داگیر کرد بە پێی فەتوای «ئایەتوڵڵا سەییدعەلی سیستانی» مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق پێکھات و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراق برایە ژێر دەستەڵاتی سەرکردایەتی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی ئەم وڵاتەوە.

 

سەرپەیڤ