سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک لە بەرپرسانی خۆجێیی «زیقاڕ»ی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/عێراق-i398589-سەرۆک_وەزیرانی_عێراق_کۆمەڵێک_لە_بەرپرسانی_خۆجێیی_زیقاڕ_ی_لە_پۆستەکانیان_دوور_خستەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەی کارەساتباری نەخۆشخانەی «ئەلحسەین» لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای «زیقاڕ» کە زیاتر لە ٦٠ کوژڕاوو نزیکەی ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە، سێ بەرپرسی خۆجێیی ئەم پارێزگایەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 13, 2021 10:05 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆمەڵێک لە بەرپرسانی خۆجێیی «زیقاڕ»ی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دوابەدوای ئاگرکەوتنەوەی کارەساتباری نەخۆشخانەی «ئەلحسەین» لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای «زیقاڕ» کە زیاتر لە ٦٠ کوژڕاوو نزیکەی ١٠٠ برینداری لێکەوتەوە، سێ بەرپرسی خۆجێیی ئەم پارێزگایەی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: «مستەفا کازمی» لە دانیشتنێکی تایبەتی دا سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی « ئەلحسەین(ع)»، فەرمانی لابرانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی «ئەلحسەین(ع)» و سەرۆکی ڕێکخراوەی ئاگرکوژێنەوەی پارێزگای زیقار دەرکرد.

لە دانیشتنەکەدا کە کۆمەڵێک لە وەزیرو بەرپرسان و فەرماندەرانی ئاسایشتیی عێراقیش تیای دا بەشدار بوون، «مستەفا کازمی» ماتەمینی گشتی لەم وڵاتەدا ڕاگەیاندو داوای ڕەوانەکرانی یارمەتیی تەندروستی و فریاکەوتنی خێرای پارێزگای «زیقاڕ»ی کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەروەھا لە وەزیران و فەرماندەرانی ئاسایشتیی ئەم وڵاتە داوای کرد کە بۆ پێ و شوێن گرتنی کێشەکە، ھەرچی خێراتر سەردانی «زیقاڕ» بکەن و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن.

شەوی دووشەممە لە سەر سێ شەممە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە مەکۆی کەرەنتینی نەخۆشانی کۆرۆنایی لە بینای سەرەکیی نەخۆشخانەی فێرکاریی «ئیمام حسەین(ع)»ی ناوەڕاستی شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای «زیقاڕ» ھەتا ئێستا زیاتر لە ٦٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٠٠ کەسیش بریندار بوونە.