ئادار 16, 2022 14:53 Asia/Tehran
  • بەرھەم ساڵح: تاوانەکەی ھەڵەبجە ھێمای کوێرەوەریی کوردان و تەواوی جەماوەری عێراقە

سەرۆک کۆماری عێراق بە بۆنەی ساڵگەڕی کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەم تاوانە ھێمای کوێرەوەریی کوردان و تەواوی جەماوەری عێراقە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ تێپەڕبونی ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە  لەپەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە رایگەیاند: ھەڵەبجە زامێکی سارێژ نەبوو، ئازارێکی لەیاد نەچووەو ئەمڕۆش بەخەمێکی قوڵەوە  یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە دەکەینەوە و پێ لە سەر  قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و وسڕینەوە ئاسەواری ئەو تاوانە دڕندەیەی دژی مرۆڤایەتی دادەگرین.

سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوەش کردووە کە،  لەم یادەدا دوپات دەکەینەوە لە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان، ساڕێژکردن وسڕینەوە ئاسەواری ئەو تاوانە دڕندانەیەی دژ بەمرۆڤایەتی و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی بەرزە فڕی پێنج ھەزار کۆتری سپی.

ئەمڕۆ ١٦ی ئازار ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی روخاو تێدەپەڕێت کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیی شارەکە.

١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ی زایینی و لە دواحەوتەکانی وەرزی زستانی ئەو ساڵەدا، شاری هەڵەبجە کەوتە بەرهێرش و شاڵاوی رژێمی بەعسی روخاو و لە رێگەی چەندین فڕۆکەی جەنگییەوە چەکی کیمیاوی کۆکوژی بەسەر خەڵکی شارەکەدا داباراند، لە ئەنجامیشدا زیاتر لە پێنج هەزار کەسی سڤیل شەهید بوون و هەزاران کەسیش بریندار کران و دواتر تەواوی دانیشتوانەکەی لە چنگی مەرگ ھەڵوەدا بوون و ھانایان بۆ شارەکانی ئێران ھێنا.

سەرپەیڤ