ئادار 25, 2022 09:36 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی هاوپەیمانیی فەتح : ئەندامانی «ڕزگاریی نیشتمان» هیچ گۆڕانکارییەکیان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نەکردووە

«ئەحمەد موسەوی» ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە ھەڵوێسنێکدا بەرامبەر بە پێکھاتنی ھاوپەیمانیی «ڕزگاریی نیشتیمان» ڕایگەیاندووە: ئەمە ھیچ گۆڕانێکی تازە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا نایەتە ئەژمارو ئەو سێ لایەنە پێشتریش پێکەوە ھاوتەریب بوونە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «ئەحمەد موسەوی» پەرلەمانتاری سەربە هاوپەیمانیی «فەتح» لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی شتێکی نوێ نییە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانێتییەکەی حەلبووسی و پارتی بەر لە چەند مانگێک هاوپەیمانییان هەبووە و هیچ شتێکیان نەگۆڕیوە.

«موسەوی» ئاماژەی بەوەش کرد کە:هاوپەیمانیی سێ قۆڵی بۆ کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناتوانن دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران کۆبکەنەوە بەبێ ڕێککەوتن و لێکتگەیشتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکاندا.

جێگای ئاماژەیە لەم دواییەدا هەر سێ لایەنی ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانێتییەکەی حەلبووسی و پارتی، هاوپەیمانیی «ڕزگاریی نیشتمان»یان ڕاگەیاند و ناوی کاندیدەکانیان بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ئاشکراکرد کە ئەمەش ھەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی لێ کەوتەوە.

سەرپەیڤ