حوزه‌یران 06, 2022 15:21 Asia/Tehran
  • بەرهەم ساڵح : پێویستە روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەینە ئەرکێکی نیشتمانی

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری ژینگە، نوێنەرانی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، یونسکۆ و رێکخراوە مەدەنییەکانی عێراق کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە کۆبوەوە و رایگەیاند، پێویستە روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەینە ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان.

 

د. بەرهەم ساڵح رۆژی یەکشەممە 5ی حوزەیرانی 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، لە رۆژی جیهانی ژینگەدا کۆبونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبونی جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگە، نوێنەرانی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، یونسکۆ و رێکخراوە مەدەنییەکانی عێراق کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە لە سەر پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئایندەی وڵاتەکەمان، ھەروەک دوپاتیکردەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری خێرایە.

ئەوەشی خستەڕو،  بوژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا گرنگە لە رێگەی پلانی ستراتیژی نیشتمانی کە بۆ ئەو مەبەستە دارێژراوە، ھاوکات دوپاتیکردەوە لە پێویستی ھاوبەشیکردن لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوھەوا.

شارەزایان و پسپۆڕان دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و دەرکەوتنی دیاردەی خۆڵبارین لە عێراق و ئێران ، بەنداوسازیە بێ بنەما و نادروستەکانی تورکیایە .

سەرپەیڤ