بەیاننامەی نووسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی بەشداریی کازمی لە دانیشتنەکەی عەرەبستان
نووسینگەی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئامادە بوونی لە دانیشتنەکەی عەرەبستان، ڕوانگەکانی دەوڵەتی لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای حەوتەی داھاتوو لە کۆبوونەوەیەک دا بە میوانداریی پاشای عەرەبستان بەشداری دەکات کە بە ئامادە بوونی سەرکردەکانی ئەنجومەنی ھاوکاریی وڵاتانی عەرەبیی دەڤەری کەنداوی فارس و ھەروەھا سەرۆکانی میسر و ئەردەن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
ئەم بەیاننامەیە باسی ئەوەشی کردووە کە، لەم کۆبوونەوەیەدا بابەتگەلی وزە، ئاسایشتی خۆراک و پرسی ژینگە تاوتوێ دەکرێت و بەستێن بۆ ھاوکاری و ھاواھەنگیی ھاوبەش لە بارەی چارەسەریی ئەو بابەتە گرینگ و چارەنووس سازانەی کە تەواوی خەڵکی ناوچەکە تێوەی گلاون، خۆش دەکرێت.
ھەروەھا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە، وەڵامی عێراق بە بانگێشتنی «مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالی سەعود» و بەشداریی لە کۆبوونەوەکە لە ئاراستەی بەڵێنمەندیی دەوڵەت لەمەڕ پەرە پێ دانی پەیوەندیی دیپلۆماسیانە و ھۆگریی ئەم وڵاتە بۆ پاراستنی جێ و شوێنی نێونەتەوەیی عێراق و پابەند بوون بە بنەمای نێوانڕەوی و ھاوسەنگی و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی ڕیزبەندی و ھاوپەیمانییە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە کە بەرلەمە ھێندێک گریمانەو بۆچوون لە نێوان کەسایەتی و ڕەوتە عێراقییەکان سەبارەت بە بەشداریی کازمی لە کۆبوونەوەکەی ڕیاز بە ئامادە بوونی «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھاتبووە ئاراوەو یەک لەو گریمانەگەلەش ئەوە بووە کە بڕیارە لەم دانیشتنەدا بەستێن بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی ھێندێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ڕژێمی زایونی خۆش بکرێت.