تشرینی یه‌که‌م 13, 2022 20:24 Asia/Tehran
  • «لەتیف رەشید» بوو بە پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق

بەپێی ژماردنی دەنگەکانی خولی دووھەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، دکتۆر «عەبدولـلـەتیف رەشید» «بەرهەم ساڵح»ی خەنیمی خۆی وەلاناو پاڵی دا بە کورسیی سەرۆک کۆمارەتیی عێراقەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سکای نیوز؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق کە لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، «عەبدولـلـەتیف رەشید»ی سەربە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراقەوە ١٥٧ دەنگی بەدەستهێنا و «بەرهەم ساڵح» تەنیا ٩٩ دەنگی مسۆگەر کردو هیچکامیان نەیانتوانی زۆرینەی پێویست بەدەست بهێنن و لە ئەنجام دا هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووھەمەوە.

دواجار «ڕەشید لەتیف» دوای دوو خولی دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق بۆ سەرۆک کۆمارەتیی عێراق هەڵبژێردرا.

بەپێی دەستووری عێراق، کاندیدێک بۆ دەستخستنی پۆستی سەرۆک کۆمارەتی دەبێت ٢٢٠ دەنگ بەدەست بهێنێت ، ئەگینا هەڵبژاردن درێژدەکرێتەوە بۆ خولی دووھەم، دوای ئەوەش ١٥٦ دەنگ دەبێتە پێوەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ هەڵدەبژێردرێت، هەروەها ماوەی سەرۆکایەتیەکەی سنووردارە بە دوو خولی چوار ساڵە.

بەپێی ماددەی ٦٥ی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار سەرۆکی وڵات و هێمای یەکڕیزیی نیشتمانی و سەروەریی وڵاتە، هەروەها هەوڵ و گرنگییەکی جددی دەدات بۆ گەرەنتی کردنی پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی سەربەخۆیی عێراق و سەروەری و یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستوور.

جێگای ئاماژەیە «لەتیف ڕەشید»ی تەمەن ٧٤ ساڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بووە لە حکومەتی نوری مالیکی دا. ناوبراو ئاوەڵ زاوای جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی عێراقە و یەکێکە لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتیمانی.

«غازی مەشعەل یاوەر» یەکەم سەرۆک کۆماری سیستەمی سیاسیی نوێی عێراق بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٤ هاتە سەر دەستەڵات و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. دوای ئەو «جەلال تاڵەبانی» بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و لە ساڵی ٢٠٠٥ ھەتا ٢٠١٤ سەرۆکایەتیی عێراقی کرد. دوای تاڵەبانی «فۆئاد مەعسووم» لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ وەک سەرۆک کۆمار دیاری کرا و دواتر «بەرهەم ئەحمەد ساڵح» جێگای گرتەوە.«بەرھەم ساڵح» لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە سەرۆک کۆماری عێراقە.

دکتۆر«لەتیف رەشید» لە دایکبوونی ١٩٤٤ ی سلێمانییە، خوێندنی بکالریوس و ماستەر و دکتۆرای لە بەریتانیا تەواوکردووەو پسپۆرە لە بواری  ئاو دا.

لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لەگەڵ خوالێخۆشبووجەلال تاڵەبانی کاری سیاسیان کردووە، سەرەتا لە ناو پارتی و دواتر لە یەکێتی و، بە حوکمی نزیکی لە تاڵەبانی شارەزایی باشی لە سیاسەتدا پەیدا کردووە.

لەسەردەمی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی بەرهەڵستکار جێگری «ئەحمەد چەلەبی» سەرۆکی کۆنگرەکە بووە، دواتر لە سەردەمی مالکیدا وەزیری سامانی ئاوی بووە تا ساڵی ٢٠١٤.

ناوبراو هاوسەری «شاناز ئیبراهیم ئەحمەد» ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیەو خاوەنی کچێک و دوو کوڕە.  

دکتۆرعەبدولـلـەتیف ڕەشید ناسراو بە «لەتیف رەشید» پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق و چوارەمین سەرۆک کۆماری کوردی ئەم وڵاتەیە.

سەرپەیڤ