سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشی تیرۆریستیی شاچراغی ئیدانە کرد
سەرۆک وەزیرانی عێراق هێرشی تیرۆریستیی شاچراغی شیرازی باشووری ئێرانی ئیدانە کرد.
بەپێی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) ، «محەمەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ «محەمەد کازم ئالی سادق» باڵوێزی ئێران لە بەغدا، جەختی لە سەر بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران کردەوە.
لەم دیدارەدا پەیوەندیی دوو قۆڵیی ھەردووک وڵاتی دراوسێ، ڕێگاکانی پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان و گەشەی ھاوکارییەکانی بەرامبەر لە ئاستی و بواری جۆربەجۆر بە تەواوی لێک درایەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم دیدارەدا وتی: دەوڵەت و جەماوەری عێراق لەگەڵ کەس و کاری قوربانییەکانی ھێرشە تیرۆریستییە شاچراغی شیراز ھاودەردی دەر دەبڕێت.
سودانی لە درێژەدا جەختی لە گرینگایەتیی هاوبەشی و ھەنگاوی دوو قۆڵیی نێوان عێراق و ئێران کردەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەپێدانی بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندیی ھەردووک نەتەوەی دۆست و براو هەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەقام و پاوەجێیی بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە.
قەڵاچۆی بێ بەزەییانەی زیارەتکارانی بێ دەرەتان لە مەزارگەی پیرۆزی کوڕی ئیمام موسا کازم (ع) لە شیراز شەپۆلی توڕەیی و خەم و ئیدانەکردنی لە نێوخۆو دەرەوەی ئێران لێکەوتەوە.