پێشوازیی ئێران لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێراق سەبارەت بە جێگیر کردنی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران کرد.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق،شەوی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گەڵاڵەیەکی چوار بڕگەیی دا جەختیان لە ئامادەبوونی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لە ناوچە سەرسنوورییەکان و پەلەکردن لە پێکھێنانی خاڵی پشکنینی تایبەت لە ناوچەسنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە لەگەڵ دوو وڵاتی ئێران و تورکیا کردەوە.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دەدرێن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان بەڵگەی سەبارەت بە چالاکیی گروپە جوداخوازو تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کردووەو لە چەند نۆرەش دا بارەگای ئەو گروپانەی لە هەرێمی کوردستان ( بە دیاریکراوی لە نزیک هەولێر ) داوەتە بەر پەلاماری موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان .
«محەمەد کازم ئالی سادق» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ڕۆژی سێشەممە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێرنا،وتی: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق توانای خڕکردنەوەی باروبنەی گرووپە تیرۆریستییە دژە ئێرانییەکانیان ھەیەو کەچی خۆیان لە قەرەی وەھا کارێک نادەن.
ئەم دیپلۆماتکارە ئێرانییە ڕاشیگەیاند: دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستییان ھەیەو وادیارە نایانەوێت تەنانەت ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە لە نێو کۆمەڵگای کوردی دا هێلانەیان کردووە، لە خۆیان بتۆرێنن.