کاردانەوەی سەرۆک کۆماری عێراق بەرامبەر پێشهاتەکانی پاریس
سەرۆک کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشی سەر ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کرد و خوازیاری پەلەکردن لە سزادانی تاوانباران بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر بە گێڕانەوە لە بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق، «عەبدوللـەتیف ڕەشید» سەرۆک کۆماری عێراق لە توییتێکدا نووسیویەتی: ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تاوانکارییە دەکەین کە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی لە پاریس کردە ئامانج و ژمارەیەک قوربانیی بێ تاوانی لێ کەوتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی لە فەرەنسا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە ناخۆشانە، وتیشی: داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکەین لە دەستگیرکردنی تاوانباران و دادگاییکردنیان خێراتر بجوڵێتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٣ی دیسامبەر، لە ھێرشێکی چەکداری دا لە نزیک ناوەندێکی ڕۆشنبیریی سەر بە کوردانی دانیشتووی فەڕەنسا، ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسێکی پۆلیسی فەرەنسی جەختی لەوە کردووەتەوە کە؛ هێرشبەرەکە دەستگیرکراوە و پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵانە و هۆکاری هێرشەکەشی نادیارە. دوابەدوای ئەم ڕووداوە، کوردانی پاریس گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا کە ئەوەش توندوتیژیی لێ کەوتەوە.