گفتوگۆی میقاتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەیروت و بەغدای کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلعەھد، «نەجیب میقاتی»سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان ڕۆژی شەممە لەگەڵ «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق وتووێژی کرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا باسی دوایین پێشهاتەکانی پرسی سوکایەتیکردن بە خوێندکارانی عێراقی لە لوبنانیان کرد.
«میقاتی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە؛ هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی خوێندکارە عێراقییەکان دەگیردرێتەبەر؛ داوای لێبوردنی لە «سودانی» کرد لە بەر سوکایەتی کران بە خوێندکارە عێراقییەکان.
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان هەروەها جارێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی عێراقی بانگهێشت بۆ سەردانی لوبنان و «سودانی»ش وێڕای پێشوازی کردن لەم بانگهێشتنە جەختی لەوە کردەوە کە؛ بەم نزیکانە ئەم گەشتە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.