ئادار 19, 2023 10:28 Asia/Tehran
  • سەردانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بۆ عێراق

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لە درێژەی پێ و شوێن گرتنی ستراتیژیای دیپلۆماسی دراوسێکان بەرەو بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێکەوت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نوور نیوز، لە میانەی سەردانەکەی دەریاوان «عەلی شەمخانی»، نوێنەری ڕابەری مەزنی شۆرشی ئیسلامی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران بۆ عێراق، بەڵگەنامەی هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش کە ماوەی چەند مانگێکە تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی لەسەر دەکرێت، بڕیارە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمنی هەردوو وڵاتەوە واژۆ بکرێت.

واژۆکرانی ئەم بەڵگەنامەیە کە بەرپرسیارێتی و پابەندبوونی هاوبەش بۆ پاراستنی دابی دراوسێیەتی و ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان بەهێزتر دەکات، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی نایاسایی دژە شۆڕشی چەکدار و ئەندامانی سەر بە ڕژێمی زایۆنی لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لە گەشتەکەی دا بۆ عێراق، پارێزگاری گشتی بانکی ناوەندی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری دیپلۆماسیی ئابووریی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ وڵاتانی کەنداوی فارسیشی لەگەڵ دایە.

گەشتەکەی دەریاوان شەمخانی بۆ عێراق لەسەر بانگهێشتی «قاسم ئەعرەجی» ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت و لەو سەردانەدا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێرانیش لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و پلە باڵاکانی سیاسی و ئابووریی ئەم وڵاتە کۆدەبێتەوە و ڕاوێژ دەکات.

سەرپەیڤ