حوزه‌یران 27, 2024 12:10 Asia/Tehran

عەلی ئەلبەنداوی، نوێنەری هاوپەیمانیی هێزەکانی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی پەرلەمانی عێراق، وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی چوونەدەری هێزەکانی تورکیا لە باکوری عێراق، ئامادەبوونی ئەو هێزانەی بە چەشنێک داگیرکەریی لێکدایەوە.

"عەلی ئەلبەنداوی"، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی پەرلەمانی عێراق، وێڕای ئاماژە بەوەی کە هێزەکانی تورکیا هەروا لە باکوری عێراقن و ئەو ئامادەبوونە، پێشێلکرانی جیددی سەروەریی عێراق بەئەژمار دێ، وتی: ئەو ئامادەبوونەی هێزەکانی تورکیا، پاساهەڵنەگرەو هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێڕاق.

وتیشی: پێویستە هەوڵە دیپلۆماتیکی و سیاسییەکان بۆ دەرکردنی ئەو هێزانەی بەشێوەی نایاسایی لە خاکی عێراقدا ئامادەن، چڕتر بکرێ و دەوڵەتی فیدراڵ، ئەو هێزانە هەرچی زووتر لە خاکی عێراق دەربکا.

ناوبراو هەروەها پێی داگرت: کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی عێراق پێشتر داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، هاوکاریی دەوڵەتی ناوەندیی بکا بەمەبەستی پاراستنی باکوری عێراق لەهەمبەر هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، بەڵام هەولێر تائێستا وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە.

سەرپەیڤ