پێداگریی باڵوێزی ئێران و ئەعرەجی لەسەر پەرەی پەیوەندیی نێوان تاران و بەغدا
باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا چاوی کەوت بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و دوولایەن جەختیان کرد لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.
"محەممەد کازم ئالی سادق" باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا ئەمڕۆ پێنج شەممە لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دیدار و وتووێژی کرد. بەپێی بەیاننامەی نووسینگەی ئەعرەجی، دوولایەن جەختیان کردەوە لە گرینگایەتی بەهێزکرانی پەیوەندیی نێوان دوولایەن و پەرەپێدانی ئاسۆکانی هاوکاریی دوو وڵات لەئاراستەی مسۆگەرکرانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
ئەعرەجی هەروەها جەختی کرد لەسەر گرینگیی پشت بەستن بە وتووێژ و دیپلۆماسی و پەیوەندیی شیاو و کارتێکەر لەسەر چارەسەریی ناکۆکیی نێوان وڵاتان لەپێناو هێورکردنەوەی بارودۆخ و چەسپاندنی سەقام لە ناوچەدا. هەروەها باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی کرد لەسەر گرینگی دانی وڵاتەکەی بە پتەوکردنی پەیوەندیی و هاریکاری لەگەڵ عێراق لەبواری جیاجیادا بەمەبەستی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و بەهێزکرانی ئاسایشی سەقام لە ناوچەکە.