ناشەفافییەت لە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ بەغدا خوازیاری چاودێریی هاوبەش بوو
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەئاماژە بە ناکۆکیی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق خوازیاری چاودێریی هاوبەشی لیژنە تەکنیکییەکان بەسەر کەرەستەو ئامێری لیتر و بەرمیلی نەوت و تۆماری رۆژانەی ڕێژەی بەرهەمهێنانە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی راستەقینەی بەرهەم هێنانی هەرێمی کوردستان.
محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، وێڕای پێداگریی لەسەر پێویستیی شەفافییەت لە ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی نزیک بە دووسەد و شەست و پێنج هەزار بەرمیل لە ڕۆژ ڕادەگەیێنێ، ڕاپۆری بەشگەی "مەک کەنزی" کە بەهاوکاریی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی لەنێوان چوارسەدو بیست و پێنج بۆ چوارسەد و پەنجاو پێنج هەزار بەرمیل لەرۆژدا خەمڵاندووە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها پێی داگرت؛ تەنانەت ئەگەر ئاستی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان جیاواز بێ لەوەی باسکراوە، حکومەتی ناوەندیی ئامادەیە پشکی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بدات، بەومەرجەی ڕێژەی یەکجاریی راستەقینە، لەلایەن هەردوولاوە ڕێککەوتنی لەسەرکرابێ.