گەڕانەوەی ئوستوورەی مۆسیقای کوردستان بۆ ئێران پاش چل ساڵ
کۆنگرەی ناودارانی کورد ڕۆژانی ١١ و ١٢ی پووشپەڕ لە سنە بە ئامادەبوونی مێوانانی تایبەت بەڕێوە دەچێ و بەم بۆنەوە مەزهەری خالقی گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد ڕۆژی دووشەممە پاش ساڵانێکی دوور و درێژ گەڕایەوە بۆ زێد و شاری خۆی.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "مەزهەری خالقی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد لە میوانانی تایبەتی ئەم کۆنگرەیە دەبێ.
ئەندامانی بەرچاو و بلیمەتی بنەماڵەی کامکارەکانیش لە ڕیزی میوانە تایبەتەکانی کۆنگرەی ناودارانی کورد دەبن و لە بەرپرسانی وڵاتیش کە لەو کۆنگرەیەدا بەشدار دەبن "بیژەن نامدار زەنگەنە" وەزیری نەوت و سەر بە ماڵباتی زەنگەنەی کرماشانە. ئەگەری زۆرە کە "ئیسحاق جەهانگیری" جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار و ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆیش لە میوانانی ئەو کۆنگرەیە بن.
پارێزگاری کوردستانیش ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژە بەوەی کە گەڕانەوەی مەزهەری خالقی بۆ سنە هەم داخوازی خەڵک و هەم ویست و خواستی بەرپرسانی پارێزگای لە سەر بووە، وتیشی: ئێستاکە هیچ مەسەلە و لەمپەرێک لە سەر ڕێگای هاتنەوەی ئەو بەڕێزە بۆ پارێزگای کوردستان لە ئارادا نییە و پاش تێپەڕینی ٣٨ ساڵ وەکوو میوانی کۆنگرەی ناودارانی کورد میواندارێتی لێ دەکەین.
ڕووستەمی بەڕێوەبەری بەشی کارگێریی کۆنگەری نێودەوڵەتیی ناودارانی کورد باسی بەڕێوەچوونی تایبەتەبەرنامەی شەوی شیعر و مۆسیقا لە چەندین سانس بە ئامادە بوونی گەورە هونەرمەندانی مۆسیقا و شاعیرانی کورد لە بەشی لاوەکی کۆنگرەکەی کرد و وتی: ئەو بەرنامەیە لە ٩ی پووشپەڕەوە دەست پێ بووە و تا ١٣ی هەر ئەم مانگەیش بەردەوام دەبێ.
بەڕێوەبەری بەشی کارگێریی کۆنگەری نێودەوڵەتیی ناودارانی کورد باسی بەرپا کرانی پێشانگای وێنەی ناودارانی کورد لە زانکۆی کوردستانیشی کرد و ڕایگەیاند: بە پێی ئەو پلان و بەرنامەی داڕێژراوە، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیش لە ڕێ و ڕەسمی کۆتایی ئەم کۆنگرەیەدا بەشدار دەبێ.
کۆنگرەی ناودارانی کورد لە ئاراستەی پێناسە کردن و ڕێزگرتن لە ٣٠ بلیمەتی بەناوبانگی کورد و پێنج کوردناس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە شاری سنە بەڕێوە دەچێ.