حافز؛ باڵیۆزی ئاشتی و دۆستایەتیی ئێران و جیهان
٢٠ـی ڕەزبەر لە ڕۆژ ژمێری ئێرانی، ڕۆژی ڕێزگرتن لە حافزی شیرازی، شاعێری بە ناوبانگیی سەدەی شەشەمی کۆچی مانگی، هێمای شووناس و بیرەوەری ئێرانییەکانە. حافز خۆشەویست ترین شاعێری فارسی زمانە.
حافز هاودڵترین، هاودەمترین و بەڕێزترین هۆنەرمەندێکە کە لە ناو دڵی هۆگرانیی دا لە هەر ڕەنگ و ڕەگەز و کەلتور و چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی دا جێگای هەیە و هەمووان لە زمانی شیعری ئەو تێدەگەن و ئاشنای هۆنراوەکانیی حافزن.
دوای قورئانی پیرۆز دیوانی حافز پڕ فڕۆشترین و خۆشەویست ترین کتێبە لە ئێران دا و لە زۆرێک لە رێ وڕەسمەکان ، بۆ وێنە لەکاتی تەحویلی ساڵ واتە تازە بوونی ساڵ و خوێندنەوەی خوتبەی مارەکردن، بوونی دیوانی حافز لە وێنەی پێداویستییەکانیی سفرەی حەوت سین و هەروەها سفرەی ماڕەبرین دێتە ئەژمار و لە ماڵی زۆرتری خەڵکی ئێران دا دیوان حافز دەبینن.
جیهانیش حافز وەکوو یەکێ لە ناودارانی پایەبەرزی خۆی دەناسێت. کارتێکەری و دەستەڵاتی وشەکانی حافز لە نێوان خەڵکی وڵاتانیی تر دا جێ سەر سوورمانە زۆرێک لە ئەویندارانی هۆنراوەکانیی، فێری زمانی فارسی بوون تا بتوانن بە خوێندنەوەی هۆنراوەکانی حافز بە زمانی خوێ ، باشتر لە چەمک و ماناو مەعاریفی بەرزی هۆنراوەکانیی تێبگەن.
یوهان گووتە شاعێر، ڕۆمان نووس، ڕەخنە گر ، بیرمەند و زانستوەری گەورەی ئەڵمانیا(١٧٤٩-١٨٣٢) لە وێنەی بەناوبانگترین و پڕ شۆرترین ئەویندارانی حافز لە ئەوروپا دا بووە. ئیرادەت و ئەوینی گووتە بە حافزی شیرازی بە ڕادەیەک بووە کەلە "دیوانی ڕۆژهەڵاتی" دا گوتوویەتی:" لەو کاتەوە کە ئەم کەسایەتییە سەیر و مەزنە هاتۆتە نێو ژ یانی من دا ، خەریکم شێت دەبمەوە" . ئەو لەبەر تێگەییشتن لە جوانیی ڕەسەن و ڕاستەقینەی وشەکانی وەک پەرجووی حافز، فێری زمانی فارسی بوو.
هۆی سەریەتی هۆنراوەکانی حافز لە چاو شاعێرانی تر ،تەنیا چەمک و مانای هۆنراوەکانی و توانایی سێحراوی ئەو لە داڕشت و ڕازاندنەوەی وشەکاندا نییە . هۆنراوەی ئەو تێکەڵاوێکن لە چەند دنیای هزری و عاتفی و زەوقی کە پێکەوە هاوڕەوت بوون و کەشێکی تایبەتییان خووڵقاندووە کە هەر فارسی زمانێک خوێ بە لەونێک دا لەو دا بە شەریک دەزانێت.
ئەمڕۆ ٢٠ ڕەزبەر "ڕۆژی حافز" لە هەموو ئەوینداران و هۆگرانی ئەم شاعێرە مەزنە لە سەرانسەر جیهان دا پیرۆز بێت.