نیزامی گەنجەوی، کەڵەپیاوی ئەدەبی فارسی
چوارشەممە 21ی ڕەشەممە ساڵەهاتی ڕێزنان لە نیزامی گەنجەوی شاعیری بەناوبانگی ئێرانییە.
حەکیم ئەبوومحەمەد ئیلیاس ناسراو بە نیزامی گەنجەوی شاعیری ناوبەدەرەوەی ئێرانی لە سەدەی شەشەمی کۆچی مانگی (دوازدەی زایینی)دا ژیاوە.
دیرۆک نووسان بە پێی بەڵگەکان و شیعر و بەرهەمەکانی بەجێماوی، لە دایکبوونیان لە نێوان ساڵانی 530 تا 540ی مانگی بەراورد کردووە.
نیزامی لە شاری گەنجە کە لەو ڕۆژگارەدا بەشێک لە خاکی ئێران بوو هاتە سەر دونیا وهەر لەوێش پێگەیشت.
نیزامی لە بنەماڵەیێکی بازرگان و خاوەن دەسەڵات و سروەت و سامان لە دایک بووە و تافی منداڵییەکەی بە فێربوونی وانە و زانستە سەرەتاییەکان تێپەڕ کرد و بەشێکی هەرە زۆری هەڕەتی لاویەتیشی سەرقاڵی خوێندنی زانستەکانی ئەو چاخە بوو لە بەردەست مامۆستایانی بەناوبانگی ئەو چاخەدا.
بێجگە چەند بەشێکی پرژ و بڵاو کە لە دیوانەکەی نیزامی ماوەتەوە، هەموو نێوبانگەکەی بەهۆی پێنج مەسنەوییەکە کە لێی بەیادگار ماوەتەوە و بەناوی "پێنج گەنج" یان "خەمسەی نیزامی" بەنێوبانگە.
هەموو ئاسەوارە بەجێماوەکانی نیزامی بەتایبەت "مەخزنولئەسرار"، "ئیقباڵنامە" و پێشەکیی تەواوی مەسنەویەکانی، پیشاندەری زانیاری و ئاوەزی هەرە زۆری بەڕێزیەتی!
ئەو زانیارییەی وا لە بەرهەمەکانیدا هەیە، هەر ئەو حیکمەتەیە وا لە درێژەی فیردەوسی و حیکمەتی ئیشراقیدا دەبینرێت.
نیزامی توانیویەتی بە دەکارهێنانی هەستی خەیاڵی خۆی لە چوارچێوەی شیعر ژیان ببەخشێ بە چەمکە بێ گیانەکانی ئەدەبیات!
فەلەک جگە لە عیشق میحرابی نییە
جیهان بە بێ خاک عەشقی ئاوی نییە
گەر بە بێ عەشق بووی تۆ لە عالەم
بزانە کوا ژیانە تۆ دەیکەی لە عالەم
نیزامی دەبێ بە سەرتۆپی شاعیرانی ڤیانیی زمانی فارسی بزانین. هەر مەسنەوییەکی بە ستایشی خودا و پێغەمبەرەکەی و هەروەها هۆکاری ئەوەی کە بۆچی ئەو بەرهەمەی هۆنیوەتەوە دەس پێ دەبێت!
نیزامی ژیانی خۆی تەرخان داوە بە پەیجۆری بۆ مەدینەی فازڵەی و بەم چەشنە توانیویەتی وێنەی دونیایێکی باشتر لە هۆنراوەکانیدا بنەخشێنێت!
نیزامی شاعیری پایەبەرزی ئێرانی نزیک بە حەفتا ساڵ لە شاری گەنجەدا ژیاوە و لە نزیکی ساڵی 599 ی کۆچی مانگی هەر لەو شارەدا کۆچی دوایی کردووە.