ماڵپەڕێکی ئارژەنتین: موندیاڵی فوتساڵ کەوتە ساڵی ٢٠٢١
ماڵپەڕێکی ئارژەنتینی بانگەشەی کرد کە کێبەرکێکانی موندیاڵی فوتساڵ بە پەک کەوتنێکی یەک ساڵە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بەرپا دەکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی تەسنیم، پەک کەوتن و یان پەک نەکەوتنی کێبەرکێکانی موندیاڵی فوتساڵ لە ساڵی ٢٠٢٠ بابەتێکە کە لە ماوەی حەوتەکانی ڕابردوو ببووە ھەوێنی مشت و مڕی بەڕێوەبەران و ڕاھێنەرانی ئەم بوارە وەرزشییە و بڕیاریشە فیدراسیۆنی جیھانیی تۆپی پێ (فیفا) لەم بارەیەوە بڕیار بدات.
سەرباری ئەمەش ماڵپەڕی ئارژەنتینیی «Pasion Futsal» باسی پەک کەوتنی یەکساڵەی گەورەترین ڕووداوی فوتساڵی جیھانی کردووە. ئەم ماڵپەڕە نووسیویەتی: بە تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا ئەمە ڕاستییەکە کە ئەم کێبەرکێ جیھانییە لە کاتی دیاری کراودا بەڕێوە ناچێت. پێشتر فدراسیۆنی لیتوانی وەک میوانداری کێبەرکێکانی فیفا پێشنیاری کرد بوو کە موندیاڵەکە وەدوا بخرێت و وادیارە لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی فدراسیۆنی تۆپی پێی لیتوانیش ڕەزامەند بووەو موندیاڵەکە دەکەوێتە ساڵی٢٠٢١.