سەڵاح داودە.. مەقام بێژە ڕەسەنەکەی گەرمیان
سەڵاح داودە، مەقام بێژ و هونەرمەندی دیاری گەرمیان، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە هونەری کوردییدا خاوەن ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆیەتی، دوای نزیکەی نیو سەدە تا ئێستاش دەنگی ڕۆحی هونەردۆستان تێر دەکات.
سەڵاح داودە لەپاڵ عەلی مەردان و حسێن عەلیدا، دەنگێکی دیار و ڕەسەنی کەرکوک و گەرمیانە و بووەتە شوناسێک بۆ هونەری کوردیی ئەو دوو ناوچەیەیە.
سەڵاح کوری محەمەد کوڕی خدر بارام چاوشە، ساڵی ١٩٣٥ لە دایکێکی کەلهوڕی لە ئاوایی ئەلبو سەباح لە سنوری پارێزگای کەرکوک لە خێزانێکی هونەریی لە دایکبووە.
ساڵی ١٩٦٤ سەڵاح داودە لەگەڵ "حەسیبە شەوکەت نادر" ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، باوکی سێ کچ و حەوت کوڕە، کە یەکێکیان ڕێچکەی باوکی گرتووە لە کەرکوک و شارەزاییەکی باشی هەیە لە بواری مەقامدا.
داودەی مەقام بێژ، خاوەنی نزیکەی ١٠٠ بەرهەمی تۆمار کراوە، لە ساڵی ١٩٥٧ یەکەم بەرهەمی خۆی لە ڕادێۆی کوردی بەغدا تۆمار کردووە کە مەقامی خورشیدی بووە، لە کۆتایی ساڵەکانی شەستەکان لەگەڵ فایەق و ئەحمەد داودەی برایدا، تیپێکی هونەریی میللی کوردیی پێکدەهێنن و چەندین بەرهەم لە تەلەفزیۆنی ئەوکاتەی کەرکوک تۆمار دەکەن، ئەوەش دەبێتە یەکەم تیپی میللی کوردی لە شارەکە.
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، سەڵاح داودە لە یەکێک لە تۆمارگەکانی شاری سلێمانیدا بەناوبانگترین بەرهەمەکانی خۆی تۆمار دەکات بە ناوەکانی (ڕاوستاوە لەو بانە، خانزادەخان، نایلۆنە، جەمیلە، شەدەلار، ڕێبوار و خرینگە و خرینگە)
داودە ساڵی ١٩٨٥ مەقامی ( ئەلڵاوەیسی بەستەی ئامینێ نازەنینێ) لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار دەکات، ساڵی ٢٠٠٠ لە کەناڵی ئاسمانی بەغداش ئەم بەرهەمانەی تۆمار کردووە (مەقامی ئەلڵاوەیسی- بەستەی پرسیم لە چیمەن - مەقامی قەتار و خاوکەر- بەستەی ئێوارە دیتم و- مەقامی خورشیدی - بەستەی باوانم).
سەلاح داودە، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەشداریی لە ئاهەنگی جۆراو جۆر کردووە و شانبەشانی هونەرمەندانی کورد (عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، هابە، سابیر کوردستانی، شکور خەیات) گۆرانی وتووە.
لە فێستیڤاڵی (کوردستان بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی) کە لە ١٤ی ١٢ی ٢٠٠٤ لە شاری هەولێر ساز کرا، لە کاتی بەخشینی خەڵات بە سەڵاح داودە، نووسەری کۆچکردوو مەحمود زامدار لەسەر تەختی شانۆ وتی: بەدرێژی ٨٣ ساڵ لە تەعریبکردنی کەرکوک، بەعسی شۆڤێنی زۆربەی سیماکانی کوردیان لە شارەکە گۆڕی و لەناویان برد، بەڵام نەیانتوانی دەهۆڵ و زوڕناکەی سەڵاح داودە بگۆڕن و تەعریبی بکەن.
ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠٠٩ سەڵاح داودە دڵە گەوەرەکەی لە لێدان کەوت و بەیەکجاری ماڵئاوایی لە گۆرانی و مەقامی کوردی کرد و لە گۆڕستانی شۆرجەی کەرکوک بەخاکسپێردرا.َ
هەردەوێڵ کاکەیی کەسایەتی دیاری کەرکوک و هاوڕێی سەڵاح داودە، دەربارەی کەسایەتی داودە بۆ ڕۆژنیوز وتی: هونەرمەندێکی وەک سەڵاح داودە ٤٠ ساڵ خزمەتی بە هونەری کوردی کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێ خراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە، هەربۆیە تا مردن بە کەسەر و خەمەوە سەری نایەوە.
یوسف محەمەد شانۆکار و هاوڕێی هونەرمەند لەسەر شێواز و ڕێچکەی وتنەوەی گۆرانی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو ڕێچکەیەی کە سەڵاح داودە گرتی، ڕێچکەی باوک و باپیرانی بوو، بە بنەماڵە دەنگخۆش و هونەر پەروەر بوون.
تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ بەرهەمی سەڵاح داودە بە بەستە و مەقام گۆرانی تۆمار کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری لە بەرهەمەکانی ئەرشیف نەکراوە، تەواوی بەرهەمەکانی بەدەست ناکەوێت.
سەرچاوە : وێستگە نیوز