ئه‌یلوول 15, 2020 19:37 Asia/Tehran
  • کتێبی «بێستوون» بە زاراوەی کورمانجی بڵاو کرایەوە

«بەرات قەوی ئەندام » وەرگێڕی کتێبی «بێستوون»: تاسەو ئۆخژنی وەرگێڕانی بەرھەمێکی ئەدەبی و ئافراندنی تابلۆیەکی ڕەسەن و پاڕاوو جوان بۆ سەر زمانە تەریک خراوو نامۆکەم ھێندەیە کە وا ھەست دەکەم بۆ خۆم ئەو ھەڵبەستانەم داناوە.

کتێبی «بێستوون» داگری وەرگێڕانی ھەڵبژاردەیەک لە ھۆنراوەی بیست کەسایەتیی ناسراوی بواری وێژەو ئەدەبی جیھانە کە بە زاراوەی کورمانجی بڵاو بووەتەوە.

«بەرات قەوی ئەندام» وەرگێڕی لاوی ئەم بەرھەمە کە بۆ خۆی لە کوردانی ناوچەی خۆراسانە لە پێشەکیی کتێبەکەی دا نووسیویەتی: تاسەو ئۆخژنی وەرگێڕانی بەرھەمێکی ئەدەبی و ئافراندنی تابلۆیەکی ڕەسەن و پاڕاوو جوان بۆ سەر زمانە تەریک خراوو نامۆکەم ھێندەیە کە وا ھەست دەکەم بۆ خۆم ئەو ھەڵبەستانەم داناوە.

«بێستوون» ناوی چیایەکی سەرکەش و مێژوویی ناوچەی کرماشانەو کە ھۆکاری ھەڵبژێردرانی ئەو ناوە بۆ کتێبی وەرگێڕێکی کوردی خۆراسان پرسیار دەکەی، «بەرات» بە ھەستێکی شاعیرانەوە کە دیار نییە بیرەوەریی کامە ئەوینی نھێنییی بۆ دەبووژێنێتەوە، دەڵێت:  بیستوون «بێستوون» یادگاری شیرین و فەرھادەو شیرین و فەرھادیش پاڵەوانی چیرۆکێکی ئەویندارانەن، ئینجا بەشێک لە ئامانجی ھەڵبژاردنی ئەو ناوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەھەندی دڵداری بەشی ھەرە زۆری ئەو ھەڵبەستانە دەگرێتەوە کە لە کتێبەکەم دا بۆ وەرگێڕان ھەڵم بژاردوون.

پاشان ھەرخۆشی لەبارەی ئامانجەکانی دیکەی ھەڵبژاردنی ناوی «بێستوون»ەوە دەڵێت: بیستوون «بێستوون» ژمارەی بیستی پێوە دیارەو منیش لە ساڵی دووھەزارو بیست دا بەرھەمەکانی بیست کەسایەتیی ناوداری جیھانم بۆ وەرگێڕان و بڵاو کردنەوە ھەڵبژارد کە ھەر کامەیان لە وێژەو ئەدەبی زمانی خۆیاندا ئەستونێکی پتەوو لەبن نەھاتوون، کە دووان لەو ئەستونانە مامۆستایان شێرکۆ بێکەس و لەتیف ھەڵمەتن کە حەزم دەکرد چەند نمونەیەکی بەرھەمەکانیان کە بە زاراوەی سۆرانین بە خوێنەرانی کورمانجیش بناسێنم.

لە کتێبی «بێستوون»ی «بەرات» دا بەرھەمی کەسایەتیگەلێکی ناوداری وەک «ئادۆنیس ، ئانا خامتۆڤا، بێرتۆلت برێشت، چارڵزبوکوفێسکی، ئەحمەد شاملو، فدریکۆ گارسیا لۆرکا، گابرییەل گارسیامارکێز، ژاک پرەور، شێرکۆ بێکەس ، لەتیف ھەڵمەت، مەحمود دەرویش، میخاییل لۆرمانتۆف،نازم حیکمەت، نەجیب مەحفوز، نزار قەبانی، پاپلۆ نۆرڤێدا، پۆل ئێلڤار، سۆعاد سەباح، غادە سەممان و یانیس ڕیتسوس» بەرچاو دەکەوێ.

ئەم کتێبە لە ئێستادا ڕەوانەی بازاڕ کراوەو لە بەردەستی خوێنەرانی ھێژادایە.

جێگای ئاماژەیە لە زمانی فارسی دا وشەی «بێستوون» نەک ھەر بە واتای «بێ ئەستون دێت» بەڵکو ئەو گریمانەیەش لە ئارادایە کە ڕەنگە بە واتای «بیست ئەستوون»یش ھاتبێت.

سەرپەیڤ