تیپی تۆپی پێی «کانیاو»ی شنۆ ھەڵبژاردەی دەستەی ٣ی بە سەرکەوتنەوە دەست پێ کرد
تیپی تۆپی پێی «کانیاو»ی شنۆ یەکەم یاریی خۆی لە بەرامبەر «جامی جەم»ی بێڵەسواری ئەردەبیل لە چوارچێوەی کێبەرکێکانی ھەڵبژاردەی دەستەی سێی یانەکانی وڵات بە سەرکەوتنەوە دەست پێکرد.
سەرۆکی فەرمانگەی وەرزش و لاوانی شارستانی شنۆ ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: کێبەرکێی تۆپی پێی نێوان تیپەکانی «کانیاو»ی شنۆو «جامی جەم»ی بێڵەسواری ئەردەبیل کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ بە میوانداریی شتۆ بەڕێوە براو لە ئەنجام دا تیپی «کانیاو»ی شنۆ بە دەرەنجامی دوو بە یەک یارییەکەی بردەوە.
«ڕەحیم تەیموری» وتیشی: ئەم یارییە لە مەیدانی تەختیی شنۆ بە بێ ئامادە بوونی ھاندەران بەرپا کراو «عەلی ئیبراھیمی» و «سیامەند خالیدی» دوو گۆڵەکەی «کانیاو»یان تۆمار کرد.
سەرۆکی فەرمانگەی وەرزش و لاوانی شارستانی شنۆ جەختی لەوەش کردەوە کە: ئەم تیپە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ چاوەڕوان کردنی ھۆگرانی تۆپی پێی ئەم شارستانە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە ھەڵبژاردەی دەستەی سێھەمی یانەکانی وڵات و لە ئێستادا ئامادەیی پێویستی ھەیە و حەوتەی داھاتووش لەگەڵ تیپی «گرین کەشاوەرز»ی نەھاوەند کێبەرکێ دەکات.
«ڕەحیم تەیموری» وتیشی: ئەوە بۆ یەکەمجارە تیپێکی تۆپی پێی ئەم شارستانە ئامادەی کێبەرکێکانی ھەڵبژاردەی دەستەی سێھەمی یانەکانی وڵات دەبێت.