ئاب 04, 2022 19:19 Asia/Tehran
  • چوارەمی ئاب ، ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئەمپراتۆری شیعری کوردی

دیارە وەرگێڕانی ھەر بەرھەمێکی شیعری بەشی ھەرە زۆری تام و چێژی ئەو بەرھەمە دەفەوتێنێت و بەم پێیە لە ئێستادا تەنیا نەتەوەیەک کە دەزانێ شێرکۆ بێکەس کێ بوو ھەمان نەتەوەی ھاوزمانی خۆیەتی کە بە ھەموو ھەست و نەست و تان و پۆیەوە لە زمان و خەیاڵ و ھەستی شیعرییەکەی تێ دەگات.

لە ئێستادا نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری دەربەندی پەپولەدا تێ دەپەڕێ، ئەو شاعیرەی کە مامۆستافایق بێکەسی باوکی لە شیعری لایەلایەی دا بە ئاوات بوو شێرانە بێتە نێو کایەوەو چ شێرانەش پێی نایە ھەرێمی شیعرو وێژەی کوردییەوە.

شێرکۆ تەنیا شاعیرو ھەڵبەستەوان نەبوو، بەڵکو ئەقیانووسێک لە وشەو دەستەواژەی ڕەسەنی کوردی بوو، جوامێرانە بە ئاوێنە بچکۆلەکانەوە دەستی پێ کردو وەک ئەمپراتۆری شیعری کوردیش ڕووی لە دەربەندێکی پڕلە پەپولەی جوانی و ھەست ناسکی ناو ھەر لەوێش مایەوەو لە جیھانی ئێمەدا ناوێکی گەورەو دنیایەک ئەوین و ناسک خەیاڵیی لەخۆی بەجێ ھێڵا.

چوارەمی ئابی ھەموو سیاڵێک وەبیرھێنەرەوەی ژیانئاوایی شاعیری گەورەو جیھانیی کورد مامۆستا شێرکۆ بێکەسە. شێرکۆ ئەوە نییە ناوبانگی تەنیا بە کوردەوە بەرتەسک کرابێتەوە،بەرھەمەکانی ئەم شاعیرە ناودارەی کورد بۆ سەر زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی دنیا وەرگێڕدراوە لەوانە فارسی،عەرەبی، تورکی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ئیتالی، سوییدی، دانیمارکی، ئاڵمانی، ھەنگاری. لە ساڵی ١٩٨٨ دا لە لایەن ئەنجومەنی قەڵەمی وڵاتی سوییدەوە خەڵاتی «توخولوسکی»ی پێشکەش کرا کە خەڵاتێکی تایبەت بە پەنابەرانەو ھەر لەو وڵاتەش وەک پەنابەرێکی سیاسی وەرگیرا.

شێرکۆ بێکەس بە تایبەت لای خاوەن قەڵەمەکانی ئێران جێ و شوێنێکی تایبەتی ھەیەو کۆمەڵێکیان لە ڕیزی شاعیرگەلێکی جیھانیی وەک فدریکۆ گارسیا لۆرکا، نازم حیکمەت، پابلۆ نۆرڤێدا، ئادۆنیس و محمود درویشی دادەنێن، بەڵام دیارە بۆچوونی گەلانی دیکە لە بارەی ئەم شاعیرە کوردەوە بە گوێرەی وەرگێڕاوی بەرھەمەکانیەتی و ئاشکراشە کە وەرگێڕانی ھەر بەرھەمێکی شیعری بەشی ھەرە زۆری تام و چێژی ئەو بەرھەمە دەفەوتێنێت و بەم پێیە لە ئێستادا تەنیا نەتەوەیەک کە دەزانێ شێرکۆ بێکەس کێیە و چی کردووەو چی لە خۆی بەجێ ھێڵاوە، ھەمان نەتەوەی ھاوزمانی خۆیەتی کە بە ھەموو ھەست و نەست و تان و پۆیەوە لە زمان و خەیاڵ و ھەستی شیعرییەکەی تێ دەگات.

بەڵێ، ئەمڕۆ چوارەمی ئاب بوو نۆھەمین ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئەمپراتۆری شیعری کوردی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، یادی بەخێرو جێگای بەھەشتی پەروەرگار بێت.

سەرپەیڤ