تشرینی یه‌که‌م 25, 2022 21:56 Asia/Tehran
  • ئاژانسی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران«ئیرنا» سەرۆکایەتیی

لە ئاھەنگی کۆتایی هاتنی هەژدەهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی ئاژانسەکانی هەواڵدەریی ئاسیا و ئەقیانوسیە بە دەنگی ئەندامانی ئەم کۆگەیە، سەرۆکایەتیی سێ ساڵەی ئاژانسی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی(ئیرنا) بەسەر ئەم ڕێکخراوەیەدا (ئۆ ئانا) بە فەرمی دەستی پێکرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«عەلی نادری» بەڕێوەبەری  ئاژانسی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی، لە ئاھەنگی کۆتایی ھاتنی هەژدەهەمین کۆگەی گشتیی «ئۆئانا»، وێڕای ستایشی ئەندامانی بەشداربووی ئەم کۆگەیە  وتیشی: لە سەردەمی نوێدا هەوڵ دەدرێ بۆ فراوانکردنی پەیوەندیی نێوان ئاژانسە هەواڵییە ئەندامەکان و ئەوەش کە پەیوەندییەکان لە ڕێگای زانیاری گەیاندنی سەربەخۆ و بێلایەن لەسەر بنەمای خستنەڕووی ڕاستییەکان بڕواتە پێشەوە.

«نادری» وێڕای بە بەرزنرخاندنی ئاژانسی هەواڵیی "یۆنهاپ"ی کۆریای باشوور بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، هیوای خواست کە لە خولی تازەدا ڕێگایەکی نوێ بۆ زانیاری و پەیوەندییەکان بە هاوکاری هەموو وڵاتانی ئەندام بدۆزرێتەوەو پەرەی پێبدرێت.

ڕۆژی ڕابردوو هەژدەهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی ئاژانسەکانی ئاسیا و ئەقیانووسیە بە وتەی «محەممەد مەهدی ئیسماعیلی» وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و ئامادەبوونی «عەلی نادری» بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵدەریی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا) و «هیون جون کیم» بەڕێوەبەری ئاژانسی «یۆنهاپ»ی کۆریای باشوور دەستی بە کارکرد و ئەمڕۆ سێشەممەش بە دەرکردنی "بەیاننامەی تاران" کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

لەم کۆبوونەوە دوو ڕۆژەیەدا، ٦٠ سەرۆک و بەڕێوەبەر و سەرنووسەری باڵا لە ٣٥ وڵاتی ئەندامی OANA ئامادە بوون.

«ئۆئانا_ OANA» کورتکراوەی ناوی ڕێکخراوی ئاژانسەکانی هەواڵدەریی ئاسیا-ئەقیانوسیەیە، کە لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦١ (١ی بەفرانباری ١٣٤٠)  بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ زانیاری گەیاندن لە نێوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە پشتیوانیی ڕێکخراوەی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) دامەزرا.

سەرپەیڤ