ئه‌یلوول 12, 2023 21:31 Asia/Tehran
  • مامۆستایەكی زانكۆی سەلاحەدین: چەوەندەر لە شێرپەنجە دەتپارێزێت

مامۆستایەكی كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق باس لە سوودەكانی چەوەندەر دەكات، كە دژی هەوكردن و شێرپەنجەیە.

یاسین گەڵاڵی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا لە بەشی زانستە خۆراكییەكانی كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵیی زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر، بۆ (باسنیوز)، ئاماژەی بەوە كرد، بەپێی توێژینەوەیەک کە لە جۆڕناڵی بەناوبانگی Food Science and Nutrition   بڵاو کراوەتەوە، دەرکەوتووە خواردنی چەوەندەر ڕۆڵی گرنگ و سوودێكی زۆری هەیە، بەتایبەت وەکوو دژەهەوکردن (التهابات/ inflamation) و دژەشیرپەنجە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەم سوودانەشی بەتایبەت بۆ بوونی دژەئۆکسێنەکان و ماددەی nitrates دەگەڕێتەوە کە ڕۆڵی زۆری هەیە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان و کەمکردنەوەی چەوریی خراپ و شەکرە.

لەباری شێوەی خواردن و ڕێژەكەیەوە، ئەو پرۆفیسۆرە ڕوونیشی كردەوە كە نابێت زۆر گەرم بكرێت، چونكە هەندێك ماددەی تێدایە وەك فۆلیك ئەسید، بە گەرمكردن لەناو دەچن و هاوكات دەڵێت: ”بە تورشی بێت، یان وەك شەربەت لە بلیندەری بدەیت، لەگەڵ هەنار تێكەڵی بكەیت، یان لەگەڵ لیمۆ، هەمووی ئاساییە، چونكە خۆی تامی تۆزێك ناخۆشە، بەڵام زۆر نەكوڵێت، چونكە فۆلیك ئەسیدەكە و ڤیتامین B9 و ئەوانە ناسكن و بە پلەی گەرمیی بەرز لەناو دەچن، بۆیە چەندی كەمتر بكوڵێت باشترە و بەها خۆراكییەكەی لەدەست نادا.

لەبارەی ڕێژەی خواردنییەوە، مامۆستا یاسین گەڵاڵی باس لەوە دەكات كە ڕۆژانە ”سەلكێك، یان زیاتریش بخوریت ئاساییە، چونكە چەوەندەر لە بابەتی سەوزەكانە، سەوزەكانیش لە ڕووی تەندروستییەوە ڕۆژانە بە لایەنی كەم دەبێت نیو كیلۆیان لێ بخورێت“.

 

 

 

سەرپەیڤ