تشرینی یه‌که‌م 17, 2023 23:05 Asia/Tehran
  • داهێنانی پزیشکێکی کورد لە بواری دروستکردنی دڵی دەستکرد

پزیشکێکی کورد کە نیشتەجێی وڵاتی سویدە، لە بواری دروستکردنی دڵی دەستکرد داهێنانێکی مەزنی کردووە. دوکتور ئازاد نەجاڕ کە خەڵکی کوردستانی عێڕاقە، بۆ یەکەمین جار دڵێکی دەستکردی هێناوەتە بەرهەم کە بووەتە جێگای سەنج و بایەخی حکومەتی سوید و خەڵکی ئەو وڵاتە و زۆربەی ناوەندە زانستی و پزیشکییەکان. د.ئازاد توانیویەتی ١٣دڵی دەستکرد دروست بکات، ئەمە داهێنانێکی مەزن و کاریگەر بووە لە ناوچەکەدا و هۆکارێک بووە بۆ سەرنجدانی ئەم دکتۆرە کوردە و داهێنانەکەی.

لە هەمانکاتدا د.ئازاد خاوەنی بیرۆکەی دروستکردنی ئامێری نازووریشە، کە ئێستا ئەم ئامێرە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپیدا بەکار دەهێنرێت و ئەو داهێنانەی کە لە دروستکردنی دڵی دەستکرد ئەنجامی داوە وای کردووە سویدییەکان و مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانیی ئەو داهێنان و پڕۆژە گەورەیەدان، کە پێشکەوتنێکی مەزن، لە بواری پزیشکی و چارەسەر کردنی زۆربەی نەخۆشییەکانی دڵ و شۆرشێک بۆ دڵە لەکارکەوتوەکان و ئومێدێک بۆ ژیان هەڵدەگیرسێنێت. ئیتر سستبوونی دڵ ناتوانێت ژیانی ئەو هەموو مرۆڤانەی جیهان ببات.

لە لێدوانێکدا دکتۆر ئازاد نەجاڕ زانیاریی لەسەر کار و پرۆژەکانی لە بواری دروستکردنی دڵی دەستکرد ئاشکرا کرد و گوتی: تا ئێستا 13 دڵی دەستکردم درووست کردووە و ئەو پرۆژەیەش بەردەوام لە پەرەپێداندایە و بۆ ئەو مەبەستەش لەو ڕۆژانەدا سەرۆکوەزیرانی سوید و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی سەردانیان کردووین.

نموونه‌ی دڵێكی ده‌ستكرد

 د.ئازاد نەجار پسپۆڕیی (urology) هەیە و خاوەنی پڕۆژەی دروستکردنی دڵی دەستکردە. لە ئەگەری پەرەپێدانیدا، ژیانی دەیان هەزار کەس لە جیهان ڕزگار دەکات و ئومێدی ژیانیان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو پزیشکە کورده‌ پێشتر دڵە دەستکردەکەی لەسەر دەیان گیانلەبەر تاقی کردووەتەوە و سەرکەوتوو بووە و تاوەکوو ئێستا لە ژیاندان، ئێستاش پڕۆژەکەی لە قۆناغی کۆتایی و تەواوبووندایە و بۆ یەکەمجار ئەو دڵە دەستکردەی لەسەر لەشی مرۆڤ تاقی کردووەتەوە.

 د.ئازاد نەجاڕ وەک داهێنەرێکی کورد و سوێدی دەناسرێت و ماوەی زیاتر لە ١٦ ساڵە لەو پرۆژەیەدا کار دەکات. حکومەتی سویدی و چەندین کۆمپانیا پاڵپشتی لە پڕۆژەکەی دەکەن و سویدییەکان شانازی بەو پزیشکە کوردەوە دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت ئەو پزیشک و داهێنەرە کوردەی سوێد، یەکێک بێت لە کاندیدە بەهێزەکانی خەڵاتی نۆبڵی ساڵی داهاتوو.

خەونەکانی نەجاڕ بە دڵی دەستکرد کۆتایی نایەت

ئەو دەیەوێت سەبارەت بە کارکردن و فیزیۆلۆژیی دڵی سروشتی زانیاریی زیاتر بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بە شێوازی جیاواز و بە دڵی دەستکردی گونجاو یارمەتیی نەخۆشەکان بدات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەکارهێنانی دڵی دەستکرد وەک ئامرازێک، بۆ ئەوەی تێبگەین کە بەڕاستی دڵی سروشتیمان چۆن کاردەکات، شتێکی زۆر باشە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکەمان و گەورەترە لە پڕۆژەی دڵی دەستکرد. بەهای زیاتر بۆ پڕۆژەی دڵی دەستکردمان زیاد دەکات. ئەگەری هەیە شۆڕشێک لە تەندروستیی مرۆڤدا بکەین دوای تەواوبوونی و دوای بەدەستهێنانی ئەنجامی باش. وامان لێ دەکات تێگەیشتنێکی جیاواز لە چۆنیەتیی کارکردنی دڵ بدۆزینەوە، کە جیاواز دەبێت لەو تێگەیشتنەی زانایان پێی گەیشتوون.

 

سەرپەیڤ