ته‌مووز 03, 2023 14:34 Asia/Tehran
  • چوار فەڵەستینی بە گوللـەی سوپای رژێمی زایۆنی کوژران و 25 کەسیش بریندار بون

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دوشەممە ڕایگەیاند، چوار فەڵەستینی بە تەقەی سوپای رژێمی زایۆنی کوژراون و 25 کەسی دیکەش برینداربون

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەکرد، لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنی رژێمی زایۆنی بۆسەر جنین سێ کەس کوژراون و 25 برینداریش هەن کە هەندێکیان برینیان سەختە، هەروەها گەنجێکیش لە دەروازەی باکوری ئەلبیرە لەلایەن هێزەکانی رژێمی زایۆنییەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

 فڕۆکەکانی رژێمی زایۆنی چەند شوێنێکی ناو کەمپی جنین و دەرەوەی کەمپی جەنینیان بۆردومان کردوە

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی رژێمی زایۆنی چەند شوێنێکی ناو کەمپی جنین و دەرەوەی کەمپی جەنینیان بۆردومان کردوە و بەهۆیەوە سێ فەڵەستینی کوژراون و 25ی دیکەش برینداربون، کە 7 کەسیان بە سەختی برینداربون.

هێزێکی زۆری  رژێمی زایۆنی لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە سەر شاری جنین

ئاژانسەکە دەڵێت، هێزێکی زۆری رژێمی زایۆنی بە یاوەری بولدۆزەری سەربازی زرێپۆش، لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە سەر شاری جنین، کەمپەکەیان گەمارۆداوە، ڕێگاکانی بەیەکەوە گرێدانی شارەکە و کەمپەکەیان بڕیوە، ژمارەیەک خانو و باڵەخانەیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە ڕوی لە کەمپەکەیە، هەروەها قەناس بەدەستەکانیان لەسەر میچی باڵەخانەکان جێگیر کرد و کارەبایان بڕی.

بەرگری چەکداریش لە دژی هێزەکانی رژێمی زایۆنی لە جەنین ڕویداوە

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی فەڵەستین، تێکهەڵچونی چەکداری لە دژی هێزەکانی رژێمی زایۆنی لە جەنین ڕویداوە، دوای ئەوەی هێزەکان چونەتە ناو ئەو شارە.

سوپای رژێمی زایۆنی ناوەندێکی فەرماندەیی چەکدارانی ئەو شارەیان بۆردومانکردوە

سوپای رژێمی زایۆنی رایگەیاندوە، بەرەبەیانی ڕۆژی دوشەممە لە هەڵمەتێکدا ناوەندێکی فەرماندەیی چەکدارانی ئەو شارەیان بۆردومانکردوە کە دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن، لانیکەم کەسێک کوژراوە، لەو ماوەیەدا موشەکێک لە ئاسمانەوە تەقێنراوەتەوە.

لە شاری ئەلبیرە لە نزیک شاری ڕامەڵا، محەمەد عیماد حەسەنین تەمەن 21 ساڵ بەهۆی تەقەی هێزەکانی رژێمی زایۆنی لە دەروازەی باکوری شارەکە گیانی لەدەستدا.

ئەو گەنجە حەسەنەینە، کە خەڵکی کەرتی غەززە و لە شاری ڕامەڵا دەژیا، لە کاتێکدا کە لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی دیکەدا بووە، گوللەیەک لە سەری دراوە کە لەلایەن چەکدارانی رژێمی زایۆنی تەقەی لێکراوە.

 

سەرپەیڤ