گەیشتنی هەژماری شەهیدانی غەززە بە 10 هەزار و 328 کەس
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین باسی گەیشتنی هەژماری شەهیدانی غەززە بە دە هەزار و سێسەد و بیست و هەشت کەسی کرد.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ڕۆژی سێشەممە لە ئاگادارینامەیەکدا ڕایگەیاند لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا، دە هەزار و سێسەد و بیست و هەشت فەلەستینی لەوان چوار هەزار و دووسەد و سی و حەوت منداڵ بە هۆی دەسدرێژیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوونە. بە پێی ئەم ئاگادارینامەیە، سیستەمی تەندرووستیی و دەرمانی غەززە بە تەواوەتی پەکی کەوتووە و توانای پێڕاگەیشتن بە بریندارانی نەماوە. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد کە دام ودەزگەکانی تەندرووستی و دەرمان و ئامبوڵانسەکانی غەززە بپارێزن و دەروازەیەکی ئەمنی مرۆیی دانێن بۆ دەستەبەر کرانی گەیشتنی یارمەتیی پزشکی و سووتەمەنی بە غەززە و چوونەدەری برینداران لەم ناوچەیە.
هێزەکانی خۆڕاگریی فەلەستین لە وەڵام بە جەنایەتە بێ بڕانەوەکانی ڕژێمی زایۆنی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئۆپەراسیۆنێکی ناخافڵ و پێشبینی نەکراویان بە ناوی "باهۆزی ئەقسا" لە غەززەوە دژ بە بنکەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی دەست پێ کرد. ئەم ڕژێمەش بۆ تۆڵەسەندنەوە و قەرەبوو کردنەوەی هەڵمەتەکەی خۆڕاگری، هەموو دەروازە سنوورییەکانی غەززەی داخستووە و دەستی داوەتە بۆردومانی بێ وچانی ئەم ناوچەیە.