بەردەوامیی جەنایەتەکانی زایۆنییەکان لە چل و سێهەمین ڕۆژی "باهۆزی ئەقسا"
لە چل و سێهەمین ڕۆژی "باهۆزی ئەقسا"، لە کاتێکدا کە هێرشی دڕندانەی زایۆنییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و هاوکات لە کەرتی ڕۆژاوا بەردەوامە و لە کاتێکدا ژماری شەهیدانی فەلەستینی سنووری یازدە هەزار کەسی تێپەڕاندووە، سەرچاوە فەلەستینییەکان شەهیدبوونی "ئەحمەد بەحر"، جێگری سەرۆک پەرلەمانی فەلەستینیان پشتڕاست کردەوە و یەکینەکانی ئەلقودسیش پەردەیان لەسەر مووشەکی بەدری سێ لادا.
فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئیسراییل لە چل و سێهەمین ڕۆژی دەسدرێژیی سەربازییان بۆ سەر کەرتی غەززە، نەخۆشخانەی ئەلوەفایان لە ناوەندی غەززە دایە بەر پەلامار. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی هەروەها ناوچەکانی باکووری غەززەیان بۆردومان کرد و لە بەرامبەر ئەم هێرشانەیشدا سەرایا ئەلقودس پێگەکانی سوپای زایۆنییان لە ناوەوە و دەرەوەی غەززە کردە ئامانج. سەرچاوەکانی هەواڵ هەروەها ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل دوو قوتابخانەی ئەلفاخوورە و تەل زەعتەریان لە باکووری غەززە کوتاوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەلەستینی لەو هێرشانەدا شەهید بوون. بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماسیش ڕایگەیاند کە دوکتور ئەحمەد بەحر جێگری سەرۆک پەرلەمانی فەلەستین شەهید بووە.
لە هەمان کاتدا مەی ئەلکیلە وەزیری تەندروستیی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین ڕایگەیاندووە کە ٢٦ نەخۆشخانەی کەرتی غەززە بە تەواوەتی پەکیان کەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد: داگیرکەران نەخۆشخانەی ئەلشیفایان کردووە بە بنکەی سەربازی و نەخۆش و پزیشکەکانیان ناچارکردووە ئەم شوێنە بەجێ بێڵن. بەرپرسی کۆمەڵەبینای دەرمانی و نەخۆشخانەی شفا لە غەززە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، ڕایگەیاند کە ئێستایش ٣٣٠ نەخۆش و ٢٠٠ بریندار لە نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە و نەخۆشەکان بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن. سوپای ڕژیمی ئیسرائیل دوادەرفەتیان داوە بە بەرپرسان و ستافی پزیشکی ئەم نەخۆشخانەیە کە خێراتر ئەم ناوەندە پزیشکییە چۆڵ بکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە،سەرایا ئەلقودس، باڵی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساتەوەختی تەقاندنی مووشەکی پێشکەوتووی بەدری سێ بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنی و شارە داگیرکراوەکانی بڵاوکردەوە. خەباتکارانی گوردانەکانی ئەلقودس، لقی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، هەروەها ڕاپۆرتیان داوە کە شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانی زایۆنییان لە ناوچەی "ئەسەناتی" لە دەوروبەری کەرتی غەززە کوتاوە. سەرایا ئەلقودس، لقی سەربازی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین، ڕایگەیاندووە: خەباتکارانی خۆڕاگری حەوت ئۆتۆمبێلی سەربازیی دوژمنیان لە "تەل ئەلهەوا" و "ئەلسەبرە" کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای شاری غەززە پێکاوە و تیابردووە.