تشرینی دووه‌م 21, 2023 11:50 Asia/Tehran

دووشەممە ٢٠ی نۆڤەمبەر ڕێکەوتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی منداڵان. ئەم ڕۆژە لە پێناو ڕێزگرتن لە منداڵان و پاراستنیان و بەرگری لە مافەکانیان ناودێڕ کراوە، بەڵام لە جێگایەکی ئەم جیهانەدا بە ناوی کەرتی غەززە، نەک هەر هیچ پشتیوانییەک لە منداڵان ناکرێ، بەڵکوو یەکبین لە ژێر ئاگری گوللە و مووشەکی ڕژێمی زایۆنیدان.

لە دەسپێکی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە تائێستا زیاتر لە ٥٥٠٠ منداڵ لە غەززە شەهید بوونە. لە کاتێکدا کە ١٨٠٠ منداڵیش تا ئێستا بێ سەروشوێن ماونەتەوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە ژێر دار و پەردووی بۆردومانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیدا گیانیان لە دەست دابێ. بە هەزاران منداڵیش لەم پەلامارانەی زایۆنییەکاندا بریندار بوونە.

«خالد قزمار» بەڕێوەبەری گشتیی بزووتنەوەی جیهانیی پاراستنی منداڵانی فەلەستینی وتی: ئیمساڵ لە کاتێکدا پێمان ناوەتە ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە کە یەکێک لە نالەبارترین و کارەساتبارترین کوشت و کوشتارەکان دژ بە منداڵانی فەلەستینی لە غەززە ڕوویداوە. منداڵان، لانیکەم سەدی چلی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی ڕژێمی زایۆنی لە غەززەیان بە خۆ تەرخان داوە. 

بە پێی ڕێژە و ئاماری فەرمیی فەلەستین، جەنایەتکارانی زایۆنی تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٣٠٠ منداڵی مەزڵووم و بێ تاوانی فەلەستینییان لە بۆردومانەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززەدا شەهید کردووە. ژماری منداڵانی شەهید لە بۆدرومانەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە گەیشتۆتە پێنج هەزار و پێنسەد کەس. بە پێی هەواڵی دیکە سوپای ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل لە پەلاماری بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەندونیزیایی، ١٢ کەسی شەهید کردووە.

تانکی ئیسراییلی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نەخۆشخانەی ئەندونیزیایی غەززەیان راکتباران کرد. ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاند پاش لێکۆڵێنەوە لەسەر دوو چەشنە پەلاماری سوپای ڕژێمی زایۆنی بەوە گەیشتوون کە ڕژێمی ئیسراییل بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری ئامانجی سەربازی بە دەستەوە بێ، پەلاماری شاروومەندانی فەلەستینی داوە لە نێو کڵێسەیەک و ماڵێکدا. 

لە ماوەی چل و پێنج ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ١٣ هەزار فەلەستینی لە پەلامارەکانی زایۆنییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە  و لێواری ڕۆژاوا کوژراون، پەلامارگەلێک کە بە پشتیوانیی بەربڵاوی ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی ئەنجام دەدرێن. 

سەرپەیڤ