ڕژێمی زایۆنی لەبەر شکستهێنانی لە غەززە ناچار بوو ملکەچی ئاگربڕ بێ
جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین بە ئاماژە بەوەی کە خۆڕاگری هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نوێ کرانەوەی ماوەی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە نییە، وتی: ڕژێمی زایۆنی لەبەر شکستهێنانی لە کەرتی غەززە ناچار بوو ملکەچی ئاگربڕ و ڕێککەوتنی دیلبەدیل ببێ.
"محمد الهندی" جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین وتی: ڕژێمی زایۆنی بڕگەی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بە سەر کەرتی غەززەی پێشێل کردووە کە لە ڕێککەوتنی ئاگربڕی کاتیدا جەختی لەسەر کراوە.
ناوبراو وتیشی: ئیسراییل لەبەر شکستهێنانی لە کەرتی غەززە ناچار بوو ملکەچی ئاگربڕ و ڕێککەوتنی دیلبەدیل ببێ. ئەلهندی راشکاوانە رایگەیاند: خۆڕاگری هیچ کێشەیەکی لەگەل نوێ کرانەوەی ماوەی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە نییە.
بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە خۆڕاگری سەبارەت بە ئاگربڕ و جێبەجێ کرانی بڕگەکانی ڕێگای پێشێلکاری و فێڵ و فریو ناداتە داگیرکەرانی زایۆنی. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ کۆنترۆڵی ڕەوشەکە لە دەستی خۆڕاگریدایە و بە دڵنیایی و ورەبەرزیی تەواوەوە ئەم خەباتە چ لە گۆڕەپانی سەربازی و چ لە گۆڕەپانی سیاسی بەڕێوەبەرایەتی دەکات.