شەهید بوونی دەیان فەلەستینی لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە
وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە ڕایگەیاند؛ لە سەرلەبەیانیی هەینییەوە، ١٧٨ کەس لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئەم کەرتە شەهید بوونە و ٥٩٨ کەسیش بریندار.
لە لایەکی دیکەوە ژێدەرە هەواڵییەکان باسی شەڕ و پێکدادانی تووندی نێوان هێزەکانی خۆڕاگریی فەلەستین و هێزی زایۆنی لە تل الهوا، النصر، باکووری ئۆردوگای شاتی و گەڕەکی شێخ ڕزوان لە شاری غەززەیان کردووە.
لە دەسپێکی پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینیی ڕژێمی زایۆنییەوە بۆ سەر غەزە پاش کۆتایی هاتنی ئاگربڕی کاتی، ١٠٩ فەلەستینی شەهید بوونە و سەدان کەسیش بریندار بوونە.
بە کۆتایی هاتنی ماوەی ئاگربڕی کاتی، ڕژێمی زایۆنی سەرلەبەیانی هەینییەوە پەلامارەکانی خۆی دژ بە خەڵکی فەلەستین لە غەززە دەست پێ کردۆتەوە.
یەکینەکانی عزەدین قەسامیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تانکێکی سەربازهەڵگری زایۆنیی لە باکووری غەززە بە ڕاکتی تاندۆم و ڕەشاشە داوەتە بەر پەلامار. سەرایا ئەلقودسیش ڕایگەیاندووە شارۆچکە زایۆنی نشینەکانی نیریم، ناحل عوز و علومیمی ڕاکتباران کردووە.
لقی سەربازیی حەماسیش باسی ئەوەی کردووە کە درۆنێکی سەربازیی مۆدیلی «اسکای لارک»ی لە ئاسمانی غەززە خستۆتە خوارەوە.