پەرەسەندنی دەسدرێژکارییەکانی داگیرکەرانی زایۆنی لە باکووری غەززە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری غەززە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای داگیرکەری ئیسراییل هەڵمەتی خۆی لە باکووری غەززە پەرە پێدا بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ئەم ناوچەیەش کە بە هۆی ئەوەوە ژماری شەهیدانی مەدەنیی فەلەستینیش زیاتر بوو. خۆڕاگریش شەڕ و پێکدادانێکی قورسی دژ بە داگیرکەران دەست پێ کرد.
گوردانەکانی قودس، لقی سەربازیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامی ڕایگەیاند کە خەباتکارانی لەگەڵ دوژمنی زایۆنی شەڕێکی قورسیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی غەززە دەست پێ کردووە و هەژمارێک ترۆمبیلی سەربازیی ئەم ڕژێمەیان بە مووشەکی "تاندۆم" و "ئار پی جی" پێکاوە.
گوردانەکانی قەسام لقی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە مۆڵگەی هێزە زایۆنییەکانی لە گەڕەکی شێخ ڕزوان لە باکووری غەززە داوەتە بەر پەلامار. گوردانەکانی قەسام وتیشی کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج تانک و پێنج ترۆمبیلی سەربازهەڵگری ڕژێمی زایۆنیی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی غەززە بە مووشەکی یاسینی ١٠٥ ڕاکتباران کردووە.
گوردانەکانی قەسام جەختیان کرد کە خەباتکارانیان لە ناوچەی شێخ ڕزواندا هەر لە نزیکەوە هێرشیان کردۆتەسەر ژمارێک سەربازی دوژمن و پاشان خۆیان بە سڵامەتی گەڕانەوە بنکەکانیان.
ژێدەرە میدیاییەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە کە هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی پەلاماری ئۆردوگای "قەلەندیا"ـیان داوە.
لە هێرشی هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردوگای قەلەندییا لە باکووری قودسی داگیرکراو یازدە فەلەستینی بریندار بوون.
هاوکات کڵابی پشتیوانی لە دیلەفەلەستینییەکان ڕایگەیاند؛ هێزی سەربازیی ڕژێمی زایۆنی لە شەوی رابردووە شەست فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژاوای چۆمی ئۆردۆن گرتووە کە ژمارێک لەو گیراوانە، دیلی ئازادکراوی فەلەستینین.
لە لایەکی ترەوە تەلەڤزیۆنی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاند؛ دووهەزار سەربازی ئیسراییلی بە هۆی ئەوەی شەڕی غەززە گوشارێکی دەروونی زۆری خستۆتە سەر ڕۆح و ڕەوانیان، لە لایەن ناوەندەکانی دەروونناسییەوە چارەسەریی دەروونیان بۆ کراوە.
تەلەڤزیۆنی ئیسراییل (کان)، ئەمڕۆ لەم بارەوە ڕاپۆرتی دا نزیکەی دووهەزار ئەفسەر و سەربازی ئەم ڕژێمە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا ( ڕۆژی دەسپێکرانی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا) ڕایانگەیاندووە کە پێویستیان بە دەرمان و چارەسەری دەروونناسی و سایکۆلۆژیک هەیە و دووسەد کەسیان هەر لە هەمان سێ هەفتەی دەسپێکی باهۆزی ئەقسادا داوای یارمەتیی دەروونناسانەیان کردبوو.